Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌نوێنه‌رایه‌تیی ناوه‌ندی به‌هێزكردنی ئاشتی (EPIC) كرد
د.ڕێواز فایق: "كلتووری دیموكراسی له‌عێراق له‌ئاستێكدا نییه‌ كه‌بتوانرێت هه‌ڵبژاردن به‌بێ كێشه‌ تێپه‌ڕێت"

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8/6/2021، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌نوێنه‌رایه‌تیی ناوه‌ندی به‌هێزكردنی ئاشتی Enabling Peace in Iraq Center" (EPIC)" له‌عێراق.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كوردستان و هه‌لومه‌رجی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ كرا كه‌ له‌پێش و دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕِووبه‌ڕووی عێراق ده‌بنه‌وه‌.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "عێراق له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا له‌به‌رده‌م ئاڵنگاریی گه‌وره‌دایه‌و به‌تێپه‌ڕبوونی كاتیش ئاڵۆزییه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن، كلتووری دیموكراسی له‌عێراق له‌ئاستێكدا نییه‌ كه‌بتوانرێت هه‌ڵبژاردن به‌بێ كێشه‌ تێپه‌ڕێت، ئامڕازه‌كانی ململانێ ناته‌ندروست و نائارامن، ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی هاوكێشه‌كان به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌بات، هیواخوازین له‌هه‌موو كاتێكدا ئاشتی باڵاده‌ست بێت".
دواتر باسی پێکھاتە نەتەوەیی و مەزھەبییەکان و تەون و مۆزائیکی کۆمەڵگەی عێراقی کرا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھیوای خواست کە بەیەکڕیزی و تەباییی نێوان سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی عێراق بتوانرێت ئەم دۆخە ناھەموارە تێپەڕێت.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا شاندی مێوان، سوپاسگوزاریی خۆیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و ته‌رخانكردنی كاتی پێویست بۆ دیداره‌كه‌یان.