Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌كونسوڵی گشتیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌رێم كرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/15، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ ڕۆب واڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ كونسوڵی گشتیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، له‌دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ د.بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی، ڕۆژان محه‌مه‌د كه‌ریم ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی، به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ئاماده‌یبوون، باسی ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند:" له‌ئێستادا پڕۆژه‌یاسای دامه‌زراندنی دادگای تاوانكاریی تایبه‌تمه‌ند به‌تاوانه‌كانی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان-عێڕاق، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی ئه‌منی و یاسایی، قه‌زائی، دارایی گرنگ و فراوانی هه‌یه‌، بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاگایی و هه‌ستیارییه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات، به‌جۆرێك كه‌هیچ هاودژییه‌كی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێڕاق و به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ دیدگای وڵاته‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان بزانین سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌، هاوكات ده‌مانه‌وێت لێكه‌وت و ده‌رهاوێشته‌ یاسایی و دارایی ئه‌منییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌م پرسه‌ بخه‌ینه‌ پێش چاوی هه‌موولایه‌ك، ئێمه‌ پێویستمان به‌ڕاوێژكردن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ دۆسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستیی به‌پاڵپشتیی ته‌كنیكی و ئابووری و سیاسیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی".
به‌ڕێز ڕۆب واڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌رێم، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئامه‌ده‌گيی خۆی نیشاندا بۆ دیراسه‌كردنی داواكارییه‌كانی په‌رله‌مان و گه‌یاندنی به‌ناوه‌ندی بڕیار له‌واشنتۆن و هیوای خواست له‌ئاینده‌یه‌كی زوودا بتوانن ڕاوبۆچوونی وڵاته‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ بده‌ن به‌ په‌رله‌مانی كوردستان.