Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌مینداریه‌تیی تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق كرد

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/23، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ جه‌عفه‌ر وه‌نان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌مینداریه‌تیی تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق كرد.
له‌دیدارێكدا باس له‌ دۆخی گشتیی ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان كراو هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی یه‌كخستنی گوتاری ڕاگه‌یاندن و پیاده‌كردنی چه‌مك و به‌ها گرنگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی به‌رپرسیار كرده‌وه‌.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانیی ته‌واو له‌ڕاگه‌یاندنی به‌رپرسیار ده‌كات و له‌ئێستادا به‌هۆی میدیای چه‌واشه‌كارو كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی سۆشیال میدیا، خه‌ریكه‌ به‌ها ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و سه‌قامگیریی ده‌روونیی خه‌ڵك ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی نه‌خوازراو ده‌بێته‌وه‌، هیواخوازین هاوئاهه‌نگیی نێوان ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و میدیاكاره‌ به‌ئه‌زموون و شاره‌زاكان ببێته‌ مایه‌ی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ میدیاییه‌ ناهه‌مواره‌ی كه‌هه‌یه‌".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌تێروته‌سه‌لی باسی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری و مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و ئه‌و یاسایانه‌ى كرد كه‌ بۆ ڕێكخستنی كاری میدیایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون و تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ڕاگه‌یاندنی نابه‌رپرس له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ و مێردمنداڵان و هه‌رزه‌كاران و پشتیوانیی خۆشی بۆ یه‌كخستنی گوتاری میدیایی و ڕاگه‌یاندنی بنیادنه‌رانه‌ دووپاتكرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ جه‌عفه‌ر وه‌نان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌مینداریه‌تیی تۆڕی ڕاگه‌یاندنی عێراق، سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پێشوازییه‌كه‌و دیدو تێڕوانینی خۆی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ولێرو به‌غدا خسته‌ڕوو، هاوكات جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كخستنی گوتاره‌كان و تێكهه‌ڵكێشانی بیروڕای نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ له‌پێناو به‌لاڕێدانه‌بردنی دیدگای شه‌قام، هه‌روه‌ها تێكشكاندنی به‌ربه‌سته‌ ته‌كنیكییه‌كان و قووڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و دروستكردنی ڕایه‌ڵه‌ی میدیایی فراوانتر له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.