Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ له‌هه‌رێم كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/6/15، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی ئۆلیك لێڤن كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ ئۆلیك لێڤن كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كردو له‌دیدارێكی نێوانیاندا كه‌هه‌ریه‌ك له‌ د.بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی، ڕۆژان محه‌مه‌د كه‌ریم ئه‌ندامی لێژنه‌ی كاروباری یاسایی، به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ئاماده‌یبوون، سه‌رۆكی په‌رله‌مان پوخته‌یه‌كی وردی ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یاسای دامه‌زراندنی دادگای تاوانكاریی تایبه‌تمه‌ند به‌تاوانه‌كانی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان-عێڕاق، خسته‌ڕوو و باسی لایه‌نه‌ ئه‌منی و قه‌زائی و یاساییه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م په‌رله‌مانی كرد بۆ ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌و ڕایگه‌یاند: "پڕۆژه‌یاسای دامه‌زراندنی دادگای تاوانكاریی تایبه‌تمه‌ند به‌تاوانه‌كانی داعش له‌هه‌رێمی كوردستان، چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی یاسایی نێوده‌وڵه‌تیی به‌رفراوانی هه‌یه‌، په‌رله‌مان له‌قۆناغی پرس و ڕاوێژكاریدایه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان و یاساناس و شاره‌زایانی ئه‌م بواره‌و یه‌كێك له‌ڕاوێژو هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌، وه‌رگرتنی دیدگاو تێڕوانینی وڵاته‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆئه‌وه‌ی یاساكه‌ هیچ هاودژییه‌كی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێڕاق و یاسای نێوده‌وڵه‌تی، هاوكات بۆ تێگه‌یشتن له‌ڕاده‌ی هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تی و پاڵپشتییه‌ ته‌كنیكی و یاسایی، ئه‌منی و داراییه‌كانیشه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌".
لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئۆلیك لێڤن كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ میواندارێتی و پێشوازیلێكردنیان ده‌ربڕی و ڕوونیكرده‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ شتێكی تازه‌یه‌و پێویستییان به‌كاتی زیاتره‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ڕه‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌.