Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایی د.هێمن هەورامی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان

له‌یادى ١٩٩١/٣/٥، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی كوردستانیان ده‌كه‌م و سه‌ری ڕێز بۆ شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنم.
٥ی ئازار یەکێکە لەو ڕۆژە تاقانانەی مێژووی کوردستان کەئیدی کۆتایی بەخەونی سڕینەوەی گەلی کوردستان هێناو بووە سەرەتای گەیشتن بەخەونە مەزنەکان و نزیکبوونەوە لەبەدیهێنانیان و کۆتایی بەدەسەڵاتی زاڵمانەی بەعسی شۆفێنی هێنا.
ڕاپه‌ڕین ده‌سپێكی قۆناغێكی كاریگه‌ره‌ له‌مێژوو‌ماندا كه‌تێیدا قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان و بنیاتنانی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تداری له‌دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان و فه‌راهه‌مكردنى ماف و ئازادییه‌كان بنیاتنران و گەشەیان پێدراو بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تی و دۆست و دوژمنان سه‌لمێندرا گه‌لی كوردستان خاوه‌نی مێژوو و شوناس و كلتووری تایبه‌تیی خۆیه‌تی و خواستى به‌هێزى هه‌یه‌ بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و خۆژیانکردن، ئەگەر دەرفەتی هاوشێوەی میللەتانی پێبدرێت، دەبێتە فاکتەری ئارامی و ئاسایش لەهەموو ناوچەکە.
لەیادی راپەڕین، کەیەکڕیزیی و یەکگرتوویی هێزە خەباتکارە کوردستانییەکان لەچوارچێوەی بەرەی کوردستانی بووە هەوێنی سەرکەوتنی، جێی خۆیەتی جەخت لەیەکڕێزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکەینەوە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتە دەستووری و یاساییە وەدیهاتووەکان، مێژووش سەلماندوویەتی بەیەکڕێزی و تەبایی دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستانیان مسۆگەر بکەین و تاقە رێگەی چەسپاندنی زیاتری مافەکانمانە.
جارێکیتر به‌رزو پیرۆزبێت ساڵیادی ڕاپه‌ڕینە مەزنەکەمان، نه‌مری بۆ شه‌هیدان، یادو بیره‌وه‌رییه‌كانی ڕۆژگاری ڕاپه‌ڕین و ئازادیی كوردستان بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌ش هه‌ر به‌زیندوویی ‌دەمێنێته‌وه‌.
د.هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
4ى ئازارى 2021