Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شت و گوزار كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی واژوكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی پێشنیازه‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی شوێنه‌وار و كه‌له‌په‌پور له‌هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ٢٠٢١/٣/٣٠ لیژنه‌نی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شت و گوزار، به‌سه‌رپه‌رشتی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌ و بەئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌کە كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر بڕگه‌ و مادده‌كانی ناو پێشنیازه‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی شوێنه‌وار و كه‌له‌پور له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌دانیشتنه‌كانی پێشوتری په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراو ئاراسته‌ی لیژنه‌ی شاره‌وانی كرابوو به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت، دوای پێداچوونه‌وه‌ی به‌شێك له‌مادده‌ و بڕگه‌كان ئه‌ندامان واژویان له‌سه‌ری كرد و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای گه‌شت و گوزار له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك و ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی ناو پێشنیازه‌ یاساكه‌ خسته‌ڕوو، و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت .