Skip to the content
Menu

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكاری لیژنەكە، ئەمڕۆ دووشەمە ٢٠٢١/٣/٢٩ لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د. هەورامان گچێنەیی سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگرو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكه‌‌ كۆبووەوە.

سەرەتای كۆبوونەوەكە خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانە كرا كەئاڕاستەی لیژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆ ئەوانەی پێویستییان به‌وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان. لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لەسوكایەتی كردن بەكەسایەتی ناسراوی كورد سەڵاحەدینی ئەییووبی كرا كە رۆڵی دیاری ھەبووە لەمێژوودا، ھەروەها ھەلوەستە لە ھەمبەر پەیامی ڤیدیۆیی كەسێك كرا كە ھێرشی نارەوای كردووەتە سەر سەرکردەی دیاری کورد سەڵاحەدینی ئەییووبی، لەمبارەیەوە لێژنەکە بەتوندی ئیدانەی ئەو كارە و ھەر سوكایەتییەکیتر بە ھەر ئایین و كەسایەتی و بۆنە و ھێمایەکی ئایینی ونەتەوەیی كرد و بەكارێكی مەترسیداری وەسفکرد بۆ سەر ڕەوشی پێكەوەژیان لەھەرێمی كوردستان، چونكە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی سەرچاوەی ئارامی كۆمەلگەیە و نابێت بەھیچ  شێوەیەك سازشی لەسەربكرێت،  بۆ ئەم مەبەستە لێژنەکە داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد بەھەماھەنگی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كاربكات بۆرێگریكردن لە ھەر سوكایەتییەک كە ڕەوشی پێكەوەژیان لە ھەرێمی كوردستان بخاتە مەترسیەوە، ھاوکات پشتگیری لەرێكارەكانی وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی كرا، كە وەكو لایەنی پەیوەندیدار بە ئەركی خۆی ھەستاوە و داوای لە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی كردووە ڕێكاری یاسایی بەرامبەری بگرێتە بەر.

لەبەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی داوای كرد حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامی بدات بە خەرج كردنی موچەی رێزلێنان بۆ ئەو مامۆستا ئاینییانەی كە خانەنشین كراون، بەڵام لەساڵی تازە رەزامەندیان بۆنوێ نەكراوەتەوە.