Skip to the content
Menu

گفتوگۆیەك بۆ هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت بەڕێوەچوو

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٣/١٧ لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لێژنەو جێگرەكەی و ئەندامی پەرلەمان و راوێژكاری لێژنە لەگەل ستافی پەیمانگەی یاسای نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤـ (IILHR) سەبارەت بەهەمواركردنی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2011، یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت لەهەرێمی كوردستان، لەژێر ناونیشانی (راوێژكردن لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان)، لەهوتێل ڕۆتانا لەشاری هەولێر كۆبونەوەیەك بۆ لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ رێكخرا.
لەكۆبونەوەكەدا، دوای ئەنجامدانی وۆركشۆپێك لەگەڵ ئەم پەیمانگایە بەمەبەستی فراوانكردنی چوارچێوەی پاراستنی مافی كەمئەندامێتی لەهەرێمی كوردستان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و كێشە سەرەكییەكان، سەبارەرت بەمافی كەمئەندامان لەهەرێم و شیكاری و ڕێرەوە پێشنیازكراوەكان و هەمواركردنەوەی یاسابەركارەكان گفتۆگۆیان لەبارەوە كرا، هەروەها ئەو ماددانەی پێشنیازكراوە لەیاساكەدا هەموار بكرێتەوە، پێشنیازی پێویستییان لەبارەوە خرایەڕوو.
لەكۆتایی كۆبونەوەكەشدا هەنگاوەكانی داهاتوو لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی لەبارەوە كراو سەرۆك و ئەندامانی لێژنەكە سوپاسی ستافی پەیمانگەكەیان كردو ئاماژەیان بەوەكرد كەسوود لەتێبینی و سەرنجەكانیان وەردەگرن و لەكاتی هەمواركردنەوەی یاساكە تێبینیەكان جێگەیان بۆ دەكرێتەوە كەخزمەت بەدەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی یاساكە بكات.