Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی باڵای وەزارەت کۆبوویەوە

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاروباری پێشمەرگە، ئەمرۆ سێشەممە ٢٠٢١/٣/٣٠ لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەسەرپەرشتی ڕێڤینگ ھرۆری سەرۆکی لیژنە و بە یاوەری جێگری سەرۆکی لیژنە و بریاردەر بەشێک لەئەندامانی لیژنەکە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد، و لەلایەن شورش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، جمال ئێمینکی سەرۆکی ئەرکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی وەزارەت پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا، چەندین تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەوانە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی لیوا ھاوبەشەکان و بەربەستەکانی بەردەم یاسای چاکسازی .

تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا، باس لە کردنەوەی دەرگای خانەشینی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە کرا، هاوکات باسیان لە دانانی میکانزمێکی یاسایی کرد بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەری دژ بە داعش.

پرسی چارەسەری کێشەی مووچە و بابەتی هەبوونی دادپەروەری لە لیواکان بە تایبەت لە میحوەرەکان، و ھێرش و مەترسیەکانی سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، و ھەنگاوەکانی چارەسەری کێشەی بندیوار و ڕێکخستنی میلاکی سەربازی و دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە چەند تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوون.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا بڕیاریاندا بەیەکەوە ھەوڵەکانیان بخەنەگەر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان.