لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی ئامادەكاری دەكات بۆ یادی ئەنفالی گەرمیان
بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ یادەكانی ئەنفال و گەیاندنی داخوازییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٣/٢٩ ، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنە و بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا جگە لە تاووتوێكردنی چۆنیەتی ئامادەكاری بۆ یادەكانی ئەنفال، بەتایبەت بۆ رۆژی 14ی نیسان ڕۆژی ئەنفالی گەرمیان، لێژنەیەكی لاوەكی پێكهێندرا بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەو یادە و بۆ ئەوەی لەنزیكەوە گوێ لە كێشەو گرفتەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان و داخوازییەكانیان بگرن.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا لێژنەكە بڕیاریدا كە ناوی ئەو كەسانە تۆماربكرێت کە تاكو ئێستا بەهیچ جۆرێك وەك كەسوكاری ئەنفالكراوان سودمەند نەبوونە ، لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش قسە كرا بۆ ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو یادە.