Skip to the content
Menu

لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەگەڵ تۆڕی رێكخراوەكانی ئافرەتان كۆبووه‌وە

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتیی چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی رووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوەو جێبەجێكردنی یاساكانى تایبه‌ت به‌پرسی ئافره‌تان، ئەمڕۆ سێشه‌ممە 2021/3/9، لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت، بەسەرپەرشتیی لەنجە ئیبراهیم دزەیی سەرۆكی لیژنەو ئاماده‌بوونی شادى نه‌وزاد جێگری سەرۆكى لیژنه‌و گوڵستان سەعید ئەندامی لیژنەكەو راوێژكاری لیژنەكە، لەگەڵ تۆڕی رێكخراوەكانی ئافرەتانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
تۆڕی رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان كەنوێنەری زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەخۆدەگرێت، لەو كۆبوونەوەیە لەگەڵ لیژنەكەی پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر ئەو یاسایانەی پەیوەستن بەئافرەتان و ژنان كرد كەوەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكە تاووتوێی ئەو بڕگەو مادە یاساییانەی پەیوەستن بەبابەتی جێندەری كاری زیاتری بۆ بكرێت، جگە لەمەش هەردوولا جەختیان لەبەهێزكردنی هەماهەنگبی نێوانیان كرده‌وە لەپێناو سەرخستنی رۆڵ و مافی ئافرەتان و ژنان له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
هەر لەكۆبوونەوەكە داوای فشاری زیاتر كرا بۆ دانانی دادگایەكی تایبەت بەئافرەتان و ژنان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر خێزان دەكرێت، هەروەها لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان چاودێریی ورد بكات سەبارەت بەبكوژانی ئافرەتان و ژنان كەدەستگیر بكرێن و بەپێی یاسا سزا بدرێن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا تاووتوێی جێكردنەوەی بودجەی جێندەری لەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 كرا.