لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ رهوشی زیندانییان تاووتوێ دەكات
بەمەبەستی تاووتوێكردنی رهوشی زیندانییان، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/30، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی ڕۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەو نووسراو و بەدواداچوونانەى لیژنەكە كردوویەتی لەگەڵ ئەو سكاڵایانەی ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوون تاووتویً كران، پاشان گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی بەردەم خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كراو لیژنە بڕیاریدا لەگەڵ رێكخراوەكانی پەیوەست بەوان كۆببێتەوە.
لەبەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبهت كراو هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەیەك لەنێوان لیژنەكەو سەرۆكی پەرلەمان لهسهر ئهو پرسه بەڕێوەدەچێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بەدواداچوونی كێشەكانی خەڵك كراو لیژنەكە بەپێویستی زانی لەسەردانەكانیان بۆ پارێزگاكانی هەرێم بەردەوامبن و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری پێكهێنانی سێ لێژنەی لاوەكیی دا.
لهتهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكهدا باس لهڕهوشی و پرسی ئەشكەنجەدانی زیندانییان و راگیراوان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ كرا، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنهكه هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەك لهڕێكخراوەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ كۆبۆوە.