Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چه‌ند پرسێكی گرنگى تاووتوێ كرد

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێکی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنەکە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/29، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھروری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتاى کۆبوونەوەكه‌ سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و یاداشت و داواکارییانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کراو دوای گفتۆگوکردنیان، ئەوانەى پێویستییان بەوەڵامدانەوه‌ هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
هه‌ر ‌لەکۆبوونەوەكه‌دا باسی بەدواداچوونه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ پرسی مووچەی لیوا ھاوبەشەکانی پێشمەرگە کراو بریاردرا كه‌ به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ بەردەوام بێت و زیاتر بەدەم ئەو پرسەوە بچێت.
دواتر ئەندامان ڕاو پێشنیازی خۆیان لەبارەی کێشە جیاوازەکانی پێشمەرگە دەربڕی، لەکۆتایی کۆبوونەوەكه‌شدا لیژنە بڕیاریدا ژماره‌یه‌ك سەردانی پێویست بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدات بەمەبەستی بەدواداچوونی زیاترو دوزینەوەی چارەسەر بۆ ئه‌و کێشەو گرفتانه‌ی كه‌ پەیوەستن بەھێزەکانی پێشمەرگە.