Skip to the content
Menu

پرسی به‌رهه‌می سوته‌مه‌نییه‌ به‌كارهاتووه‌كان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژینگه‌و ژیانی هاووڵاتییان تاووتوێ كرا

به‌مه‌به‌ستی زیاتر گرنگیدان به‌ بابه‌تی به‌رهه‌می سوته‌مه‌نییه‌ به‌كارهاتووه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژینگه‌و ژیانی هاووڵاتییان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/3/15، لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی لیژنه‌ و بەئاماده‌بوونی هەریەک لە کاروان گەزنەیی و بەختیار شوکری ئەندامانی لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ‌هه‌ریه‌ك له‌ د.عه‌باس بورهان قادر سه‌رۆكی به‌شی كیمیا و د.سه‌نگه‌ر ساڵح ئه‌حمه‌د، و مامۆستا كاروان مه‌سعود ڕه‌حمان له‌كۆلیژی زانست به‌شی كیمیا له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن د.عه‌باس بورهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس له‌په‌یوه‌ندیی به‌كارهێنانی به‌رهه‌مه‌ سووته‌مه‌نییه‌كان به‌‌چۆنیه‌تیى سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه،‌ وه‌ك نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌و مه‌ترسیدار كرا.
دواتر له‌لایه‌ن د.سه‌نگه‌ر ساڵح ئەحمەد له‌ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سووته‌مه‌نیی دیزل كرا، كه‌ له‌دروستكردنی كاره‌با له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌كاردێت. هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌سه‌ر كاریگه‌ری ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ و ژیانی هاووڵاتییان، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌نه‌بوونی كۆنترۆڵی جۆری بۆ پشكنینی ئه‌و گازوایلانه‌ی به‌كارده‌هێنرێن له‌به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با، له‌لایه‌ن مۆلیده‌ حكومییه‌كان ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پیسبوونی ژینگه‌و زۆربوونی نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌كان له‌نێو دانیشتووانی شاره‌كانی هه‌رێمى كوردستاندا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر كوالیتی و كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی یاخود خراپ سوودوه‌رگرتن له‌به‌كارهێنانی به‌رهه‌مه‌ سووته‌مه‌نییه‌كان له‌دروستكردنی كاره‌بادا كرا، كه‌ به‌یه‌كێك له‌هۆكاره‌ به‌ربڵاوه‌كان داده‌نرێت بۆ زیاتربوونی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌و نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌كانی تر.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن د.عه‌باس وه‌ك چاره‌سه‌رییه‌ك پێشنیازكرا کە كار بكرێ بۆ دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ سووته‌مه‌نییانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با به‌كاردێن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی، جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ستیاری و گرنگیی بابه‌ته‌كه‌ كرده‌وه‌، بۆیه‌ پاڵپشتیی خۆی و لیژنه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و دڵنیای كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ڕاپۆرت و توێژینه‌وانه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ پێشكه‌شكران به‌یاداشتێك ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێن.