Skip to the content
Menu

لیژنەی شەهیدان هەنگاوەکانی چاکسازی لەوەزارەتی شەهیدان تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و كاروباری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییه‌كانی شه‌هیدان له‌پارێزگاكانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی... سوسن محەمەد میرخان سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بەدەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستیپێکرد، پاشان تاووتوێی دەرئەنجامی راپۆرتی لیژنەی لاوەکی بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی گشتیی كاروبارى شه‌هیدانى پارێزگاى سلێمانی كرا.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ‌کۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر یادەكانی ئادارو نەورۆز کرا، كه‌ كارەساتی خۆش و ناخۆش لەو مانگەدا روویانداوه‌، بەتایبەتی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، کەوەك لیژنەی شەهیدان چۆن ئه‌و یادە بكرێتەوەو چیبکرێت لەو رۆژەدا، ئایا دانیشتنی پەرلەمان دەچێتە ئەو پارێزگایه‌ له‌و یاده‌دا یاخود نا، یان لەنێو پەرلەمانی كوردستان یادەكە دەكرێتەوە.
بۆیە لیژنە بڕیاریدا لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان قسە بكەن و باس له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئەو یادو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە بدرێتە لیژنەی شەهیدان بۆئەوەی بەئەركی خۆی هەڵبستێت.
هەروەها لیژنە بڕیاریدا نووسراوێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات تاوەکو ئەوانیش ئاڕاستەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانى بكەن بۆئه‌وه‌ى ئامارێكی تەواویان پێبدەن لەدوای دەستبەكاربوونی لیژنەكانی چاكسازی لەنێو وەزارەت لەپاكسازیکردن لەناوی سەرجەم شەهیدان و پێداچوونەوە بەلیستی شەهیدان، هه‌روه‌ها بۆ پێدانی دواین زانیاری لەسەر زیندانیانی سیاسی کە لیژنەکە چی كردووە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا لیژنە بڕیاریدا ڕاوێژکارانی لیژنەکە پێداچوونەوەیەك بەیاساكان بكەن بۆئەوەی بزانن لەكوێ كەموکوڕِی هەیە تا كاری لەسەر بكەن لەپێناو خزمەتکردنى زیاتر بەكەسوکاری شەهیدان.