Skip to the content
Menu

په‌یامی د.هێمن هه‌ورامى له‌یادى ڕێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئازارو ڕاپه‌ڕینی شارى هه‌ولێر

بەبۆنەی یادى (51) په‌نجاو یەکساڵه‌ی ڕێككەوتننامەی 11ى ئازارى 1970و یادى (30) سى ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى شارى هه‌ولێر‌، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه ‌ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
واژۆکردنی رێککەوتننامەی مێژوویی 11ی ئازاری ساڵی 1970 لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلول و حکومەتی عێراق، سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورەبوو لەبزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان، چونکە یەكەمجاربوو حكومەتی ناوەندیی عێراق دانبنێت بەمافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداری و كلتوورییەكانی گەلی كوردو چارەسەركردنی كێشەی كورد بەڕێگەی ئاشتییانەو گفتوگۆ، کە تا ئەوسات لەخەباتی نەپساوەی خۆی بەڕِابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی نەوەستابوو بۆ وەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی تەواوی خەڵکی کوردستان، شۆڕِشی ئەیلول بەهۆی فیداکاریی خەڵک و سەرکردایەتییەکەی، حکومەتی عێراقی ناچارکرد دان بەمافەکانی خەڵکی کوردستان بنێت.
رێککەوتنامەی یازدەی ئازار، بەرھەمی خەباتی نیشتیمانیی رزگاریخوازانی کوردستان بوو کە لەچوارچێوەی شۆڕِشی ئەیلولدا بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر ھاتە ئارا، بناغەی ئەو دەسکەوت و پێشڤەچوونانەبوو کەدواتر بەهۆی خەباتی بەردەوامی خەڵکی کوردستان وەدیهاتن، ئەو رێککەوتنەش سەلمێنەری چارەسەری راستەقینەبوو كه ‌هەموو کێشەو پرسەکان گفتوگۆ و لەیەکتر تێگەیشتنە، بەگفتوگۆو لەیەکترتێگەیشتن دەتوانرێت هەنگاوی زۆر گەورە بەئاراستەی چارەسەری بهاوێژرێت و خەڵکی کوردستانیش هەمیشە بۆ چەسپاندنی مافەکانی گفتوگۆ و دانوستاندن بەچارەسەری بنەڕەتی وەرگرتووەو لەناچاری پەنا بۆ چەک دەبات بۆ ستاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی.
یازده‌ی ئازار هاوکاتە لەگەڵ راپەڕینی مه‌زنه‌كه‌ى به‌هارى 1991ى شاری هەولێری سەربەرزو قاره‌مان، هەولێر نمونەی هەرە باڵاو دیاری بەرهەمی راپەڕین و ئیدارەی کوردستانییانەیە، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و پێشڤەچوون لەسیما هەرە دیارەکانی هەولێرن، لەکاتێکدا هەموو ناوچەکە پێویستییان بەو بەهایانە هەیە، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی یادى (30) ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕین لەخەڵکی هه‌ولێرى خۆڕاگرو قاره‌مان و سه‌رجه‌م کوردستانییان دەکەم، بەو هیوایه‌ی هەموو شارەکان و وڵات هه‌میشه‌ لەپێشکەوتنی زیاترو خۆشگوزەرانیی قووڵتر هەنگاو بنێن، سه‌رى ڕێزو نه‌وازشیش بۆ شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگاى ڕزگاریى كوردستان داده‌نوێنین.
هه‌ر له‌و یاده‌دا داوا لە خەڵک و هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکەین کە بەیەکڕیزی و یەکخواستییەوە لەپشتی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی کوردستان بوەستن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێم و چارەسەرکردنی تەواوەتیی کیشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
لەدوای داواکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گرێدانی دانوستاندنێکی نیشتمانییانە بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان و وەڵامە ئەرێنییەکەی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، جێی خۆیەتی داوا لەهێزە عێراقییەکان بکەین کە بەدڵێکی کراوەوە دان بەماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بنێن، چونکە بەمکوڕبوون لەسەر رەتکردنەوەو پاشخستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، هەرگیز کێشەکانی عێراق چارەسەر نابن و داواو خواستی خەڵکی کوردستان مەزنترو دەسکەوتەکانی پتر دەبن و تەنیا گفتوگۆ دەبێتە بنەمای چارەسەر بۆ کێشەکان، خەڵکی کوردستانیش لەهیچ بارو زروفێک دەست لەمافەکانیان هەڵناگرن.
بۆیە جێی خۆیەتی داوا لەسه‌رجه‌م هێزە کوردستانییەکان بکه‌ین کە ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و یەکڕیزو یەکدەست بۆ بەدەستهێنانی زیاتری مافەکانی خەڵکی کوردستان هه‌نگاوبنێن، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ھەرکات گه‌له‌كه‌مان یەکڕیزو یەکگرتوو بووبێت و لەدەوری یەک ئامانج کۆبووبێتەوە، دەستکەوتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتۆته‌ دی.
د.هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
11ى ئادارى 2021