په‌یامى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ۸ى مارس
د.ڕێواز فایق:"حکومەت و دادگاکان چ بەیاساو چ بەوەرگرتنی ڕێوشوێنی توند ژنان لەمەیدانی کاردا لەئیستغلال و گێچەڵپێکردن و بەکاڵاکردن بپارێزین"
به‌بۆنه‌ی (۸) هه‌شتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی ژنانی كوردستان و جیهان ئەكهین، له‌م ڕۆژه تایبەتەدا دروود بۆ ڕۆحی پاكی هه‌موو ئه‌و ژنانه ئەنێرین كه له‌پێناو ئازادی و یه‌كسانیدا گیانیان به‌خشی، شکۆدار بێت خەباتی ئەو ژنانەی کە هاوتەریب لەگەڵ خەباتی پیاوان به‌شداریی كارایان له‌به‌ده‌ستهێنانی ماف و داخوازییه ڕه‌واكانی گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یاندا هەبووە، ئومێده‌وارین ژنانی كوردستان هه‌میشه له پێشه‌نگی خه‌باتی یهكسانخوازانهیاندا هه‌نگاوی ئازایانەو ناوازە بهاوێن له‌پێناو سەندنی تەواوی مافه سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان.
ژنانی ئازیزی کوردستان..
ئه‌م بۆنه‌یه به‌ده‌رفه‌تێك ئەزانین كه دیدو تێڕوانینی ڕاشكاوانه‌ی خۆمان بۆ دۆزی ڕه‌وای ژنان و پرسە گرنگ و کاریگەرەکەیان دووپات بکەینەوەو پێداگربین لەسەر جێبەجێکردنی تێكڕای ئه‌و یاسایانه‌ی كهمافی ژنانی تێدا چه‌سپێندراوه، له‌وانه یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ى هەموارکراو، یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی خێزانی ژماره (۸)ى ساڵى ۲٠۱۱، یاسای هه‌مواركردنی جێبه‌جێكردنی یاسای بارى كه‌سێتی ژماره (۱۸۸)ى ساڵی ۱۹٥۹ی هه‌مواركراو ژمارە(۱٥)ی ساڵی ۲٠٠۸ و ھەر یاسایەکی تر کە لەبەرژەوەندیی ژنان و دۆزە ڕەواکەیانە.
ھاوکات باوەڕمان وایە بۆ بەھێزکردنی پێگەی ژن لەنێو خێزان و کۆمەڵگەدا ئەبێت توانا ئابوورییەکەی بەھێز بکرێت، بۆ ئەمەش ئەرکی دامەزراوەکانی هەرێمە کە لە ئاستی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت زەمینەی دەرفەتی یەکسان و شایستە بۆ بەدەستھێنانی کار بۆ کچان و ژنان بڕەخسێنن و ڕێژەی بێکاریی تاقەت سووتێن لەنێو ژناندا کەمبکەنەوە، وەک چۆن پێویستە پەرلەمان و حکومەت و دادگاکان، چ بەیاساو چ بەوەرگرتنی ڕێوشوێنی توند، ژنان لەمەیدانی کاردا لەئیستغلال و گێچەڵپێکردن و بەکاڵاکردن بپارێزین.
جارێكی‌تر پیرۆزبایی ڕۆژی هه‌شتی مارس له‌تێكڕای ژنانی كوردستان ئەکەم، هیوای بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان بۆ ئەخوازم و پشتیوانی لەخەون و خواستەکانیان ئەکەم، ئەمەوێ پێیان بڵێم: "کۆڵ مەدەن، ساردمەبنەوە، بەردەوام و پێداگربن، چونکە لەنێو ئەم دۆخە شێواوەی مەیدانی کار‌و سیاسەت ژن‌بوون بۆ خۆی ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی یەکێک لەدامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمیش بێت.
د.ڕێواز فایق حسێن
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
۸ی مارسی ۲٠۲۱