Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ساڵیادی ڕاپه‌ڕیندا
د.ڕێواز فایق: "ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ بووه‌ ئیلهامبەخشی درێژه‌پێدانی خه‌باتی گه‌لانی دیكه‌ی عێراق تاكۆتاییهاتنی یه‌كجاره‌كی بەڕژێمی بەعسی داپڵۆسێنه‌ر"

به‌بۆنه‌ی (30) سیهه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ 5ی ئازاری 1991، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانیانی ئازیزو بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و چین و توێژو پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین، هیواخوازین ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ ببێتە مایەی ده‌ستپێكێكی نوێ له‌خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان بۆ بنیادنان و بووژانه‌وه‌ی زیاتری كوردستان.
كوردستانیانی ئازیز....
ئه‌وێ ڕۆژی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی كوردستان له‌پێناو سەندنی ئازادی و به‌رگریكردن له‌به‌ها پیرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی نه‌ژادی و به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، به‌پاڵپشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕژێمی به‌عسی خۆسه‌پێنه‌ریان لەکوردستان‌ هه‌ڵته‌كاند، دواجاریش هه‌ر ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ بووه‌ ئیلهامبەخشی درێژه‌پێدانی خه‌باتی گه‌لانی دیكه‌ی عێراق تاكۆتاییهاتنی یه‌كجاره‌كی بەڕژێمی بەعسی داپڵۆسێنه‌ر.
ئێمه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ به‌رز ڕاده‌گرین، كه‌هێشتا ویست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان و ئامانجەکانی ڕاپەڕین به‌ته‌واوه‌تی نه‌هاتوونه‌ته‌ دی، هه‌ر له‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه‌ كوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌ تا ده‌گاته‌ پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی پێشمەرگەو دارایی و بودجه‌و جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری ساڵی ۲٠٠٥.
هاوکات ئه‌مڕۆ كوردستان به‌قه‌یرانێكی دژوارو سه‌ختی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕێت، لای خه‌ڵكی كوردستان به‌هۆی نادادی و نابه‌رابه‌ری له‌شێوازی ژیانی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ڕێژه‌ی بێكاری و وەگەڕنەخستنی تواناو پسپۆریی هه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكان، لەسەرخۆی پرۆسەکانی چاکسازی، کێشەی زۆری سێکتەرەکانی خوێندن و تەندروستی و چەندین کێشەی تر، ده‌ستكه‌وته گەورە‌كانی ڕاپه‌ڕین و گیانبەخشیی پێشمەرگەو قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ ئەو ئازادییە خەریکە دەچێتە قۆناغی بێهودەییەوە.
بۆیە لەم یاده‌ پیرۆزه‌دا داواکارم هەموو دامەزراوە دەستوورییەکانی کوردستان، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و تەواوکاریمان پێکەوە، كاری لێبڕاوانەو دەستەجەمعی بکەین له‌پێناو بەهێزکردنی متمانه‌ له‌نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکانداو ھەموو ھەنگاوەکانمان چڕ بکەینەوە بەئاراستەی بەدیهێنانی ویست و داخوازییە ڕەواکانی کوردستانییان لەفەراهەمکردنی ئازادی و سەروەریی یاساو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابینکردنی سەقامگیریی دەروونی و سیاسی و ئابووری بۆیان.
له‌كۆتاییدا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان داده‌نه‌وێنین، به‌تایبه‌ت شه‌هیدانی 5ی ئازار له‌ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان، هه‌میشه‌ سه‌رفرازبن.
د.ڕێواز فایق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
5ى ئازارى 2021