پەیامی پیرۆزبایی د.هێمن هەورامی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی
بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی ٢٧٢١ کوردییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خەڵکی کوردستان و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لەپارچەکانی دیکەی کوردستان و تاراوگە دەکەم.
نەورۆز واتە نوێبوونەوە و پێشوازی کردن لە ژیانێکی نوێ، با ئەم نوێبوونەوەیە هەموو کایەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیان هەڵبدەینەوە بەسوود وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوویەکی جوان دروست بکەین.
بەداخەوە ئەمساڵیش ڤایرۆسی کۆڕۆنا دووبارە بەرۆکی گرتووین و پێویستمان بە خۆپارێزی زیاتر هەیە، لێرەوە دەستخۆشی لەهەنگاوە پڕ بەهاکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کەئەوەی لەتوانادا بووە خستوویەتییە گەڕ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان.
نەورۆز هەمیشە ئەوەمان پێ دەڵێت کە هەرچەندە لە زستانێکی سەخت و دژواردابیت، بەهارێک هەیە کە ئەو سەختی و دژوارییانە بڕەوێنێتەوە.
دووبارە پیرۆزبایی نەورۆزتان لێ دەکەم دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرم، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
د.هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢١ی ئاداری٢٠٢١