Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری پەرلەمان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە دەکەم، هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.

نەورۆز هەڵگری پەیامی ژیان و نوێبوونەوە و هیواکان و ئازادیخوازی و سیمبولی کۆتایهاتنی زوڵم و زۆردارییە، جەژنی سەرکەوتن و لێبوردەیی و ئازادییە و دەسپێکێکە بۆ بوژانەوە و نوێبوونەوەیە، بەداخەوە ئەم ساڵیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناتوانین کاتەکانمان بە چوونە سەیران و گەشت و خۆشی دەرببڕین و بەدۆخێکی هەستیاری تەندروستیدا تێپەر دەبین، بەم بۆنەیەوە جەخت لە خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لەپێناو سەلامەتی گشتی دەکەینەوە، و لێرەوەش جارێکیتر سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و یەکە ئیدارییەکان و پۆلیس و ئاسایش و تەواوی کەرتی تەندروستی بۆ هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوامیان دەردەبڕین، ئومێد دەکەین دەسپێکی نەورۆز و بەهار ببێتە پتەوبوونی بنەماکانی پێکەوەژیان و قوڵبوونەوەی لێبوردەیی و یەکتر قەبووڵکردن و تەبایی سیاسی زیاتر و سەقامگیربوونی ئەمن و ئاسایش و یەکریزی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنی دەستکەوتەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

دووبارە نەورۆزتان پیرۆزبێت و ھیوای ژیانێکی پر بەختەوەریی و ئومێدی سەلامەتی و تەندروستیەکی باش بۆ هاووڵاتیانی کوردستان دەخوازم.

منی نبی قهوچی

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان

٢٠ی ئاداری ٢٠٢١