Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا داوا دەکات بەزووترین کات مووچەی لیوا هاوبەشەکان دابەش بکرێت

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمڕۆ ٢٠٢١/٣/٢٨ لێژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەکەیە: 

دوای نەناردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکان لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە پارەکە لەئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەیەکەوە لەهەژماری بانکی و گواستنەوە، کاتی دابەشکردنەکەی دواخراوە و زیاتر لەدوو مانگە لیوا هاوبەشەکان مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە ۱٥ی ئەم مانگە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەنووسراوی فەرمی وەک پێشنیاز داوای لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە کەتا هاتنی مووچەی ئەمریکییەکان، بەمیکانیزمێکی گونجاو هەوڵبدرێت پارە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین بکرێت تاکو مووچە دابەش بکرێت بەسەر ئەم هێزانە، چونکە دابینکردنی بژێویی ژیانی ئەم هێزانە پەیوەستە بەمووچەوە و بەپێی بەدواداچوونەکان ژیانی زۆربەیان لەڕووی ئابوورییەوە سەخت بووە، بۆیە پێویستە مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی حکومەت مووچەکە وەربگرن. لێرەدا هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لەهەوڵەکانی بەردەوامە لەگه‌ڵ لایەنی پەیوەندیدار كه‌ بەپەلە بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.