Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاساى پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان كرا

سه‌عات 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه 2021/3/8، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (2)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به ‌به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ پێشنیازكرا خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ى یاداشتێك له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی لیژنه‌ی (داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت) به‌بۆنه‌ی یادی (8ى مارس) وه‌ك رۆژی جیهانیی ئافره‌تان، بكرێته‌ خاڵی دووه‌مى به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
پاشان به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كار كه‌بریتی بوو له‌خستنەڕووی ڕاوبۆچوونی پەرلەمانتاران سەبارەت بەڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان لەساڵی 1991، ئه‌ندامانى په‌رله‌مان راوبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینى گه‌له‌كه‌مان له‌ئازارى 1991 ده‌ربڕی و ئه‌و ڕۆژه‌یان به‌ڕۆژێكی مێژوویى له‌بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لى كوردستان له قه‌ڵه‌مداو باسیان له‌ئه‌نجامه‌كانی راپه‌ڕین كرد كه‌په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لێكه‌وتۆته‌وه‌و جه‌ختییان له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایى نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و خزمه‌تكردنی زیاترى هه‌رێمه‌كه‌مان و خه‌ڵكی كوردستان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و كه‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌رو پێشمه‌رگه‌و پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریى هه‌رێمی كوردستان و فراوانكردنی ئازادییه‌كان كرده‌وه‌، ئاماژه‌شیان به‌كه‌موكوڕییه‌كان و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌سیسته‌ماتیككردنی حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان كردو جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیی جێیبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كرده‌وه‌.
بەپێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش، لەلایەن لەنجە ئیبراهیم دزەیی سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك بەبۆنەی یادی (8ى مارس) وه‌ك رۆژی جیهانیی ئافره‌تان خوێندرایەوەو تیایدا وێڕای پیرۆزباییكردن لەئافرەتانی كوردستان و جیهان، رایگه‌یاند: "هه‌شتی مارس رۆژی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌مێژووى خه‌باتی ئافره‌تان، تا له‌به‌ها مرۆییه‌كان و به‌تایبه‌ت له‌مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ئازادى و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌رى له‌گه‌ڵ پیاواندا هاوتابن، له‌م پێناوه‌دا خه‌باتی زۆر كراوه‌و قوربانیی گه‌وره‌ دراوه‌".
گووتیشی: "سه‌رى رێزو نه‌وازش بۆ ئافره‌تانه‌ داده‌نوێنین كه‌ له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و نادادى و پێشێلكردنی مافه‌كانی ژنان گیانی خۆیان به‌خت كرد له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا".
هه‌ر له‌یاداشته‌كه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت، ئاماژه‌ی به‌ڕۆل و خه‌باتی ئافره‌تانی كورد كرد له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واكانی خۆیان و به‌شداریى كارایان كۆڕی خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناو مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان و ڕاشیگه‌یاند: "بۆیه‌ ئێستا هاوكات كه‌ له‌ڕۆژانی یادی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى كوردستانداین جێگه‌ی خۆیه‌تی دروود بۆ گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدان و به‌تایبه‌ت ئه‌و شێره‌ژنانه‌ى له‌پێناو دۆزی ڕه‌واى میلله‌ته‌كه‌یان گیانی خۆیان به‌خت كرد".
هه‌ر له‌یاداشته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌هه‌وڵه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌شێك ده‌بن له‌به‌رده‌وامیی ئه‌و خه‌باته‌ تا له‌به‌شداریى كارى سیاسی و ئیدارى و ئابوورى و هه‌موو جومگه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌، رێژه‌ی به‌شداریى ئافره‌تان به‌رز ببێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌پێگه‌ی بڕیاردان و دانوستانه‌كان له‌ئاستی باڵادا.
هه‌روه‌ها باسی له‌و یاسایانه‌ كرد ‌تایبه‌ت به‌پرسی ئافره‌تان كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون و ئاماژه‌ی به‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی به‌رده‌م خه‌باتی ژنان كردو جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كسانیی جێنده‌رى و پێویستیی لابردنی كۆسپه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان و جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تى ئه‌و یاسایانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ باشتركردنی ڕه‌وشی ژنان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ركارن.
به‌پێی خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ى كار كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ‌ پێشنیازەیاسای (پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی وه‌زه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی، راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ راستاندنی بۆ كرابوو خوێندرایه‌وه‌، پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ راپۆرته‌كه‌ بكرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن، ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ ناوونیشان و ماده‌ به‌ماده‌ و بڕگه‌ به‌بڕگه‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازه‌یاساكه‌ خوێندرایه‌وه‌وله‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پێشنیازه‌یاساكه‌ خرانه‌ڕوو.
مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌ش له‌پێناو بونیاتنانی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵیى خۆماڵی و پاراستنیان له‌پیاده‌كاریی زیانبه‌خش، كه‌ده‌بێته‌ هۆكارى له‌ده‌ستدانی ڕه‌گه‌زه‌كانی كێبركێی ڕه‌واو دادپه‌ره‌وه‌رانه‌ به‌مه‌به‌ستی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ خۆماڵییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناكانیان و ئاماده‌كردنیان بۆ كێبركێكردن له‌بازاڕه‌ ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، به‌ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیى به‌كاربه‌رى ناوخۆیى به‌ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی بۆ نزمترین ئاست و رێگه‌گرتن له‌به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌های به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌ پارێزراوه‌كه‌ له‌بازاڕی ناوخۆیى.
له‌كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داواى له‌گرووپی په‌رله‌مانتارانی هه‌ڵه‌بجه‌ كرد كه‌ بۆ 3/16 یاداشتێكی تێرو ته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به‌ساڵیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و به‌مجۆره‌ش كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.