د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌به‌رپرسی كاروبارى كونسوڵی لەباڵیۆزخانه‌ى ئۆکرانیا له‌عێراق كرد
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2021/5/23، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له هۆنچارێسکۆ ئیڤان به‌رپرسی كاروبارى كونسوڵی لەباڵیۆزخانه‌ى ئۆکرانیا له‌عێراق و د.فەرهاد شکارعه‌لی كونسوڵی فەخریی ئۆکرانیا لەهەرێمى كوردستان و د.ئیسماعیل محەمەد عه‌لی یاریدەدری كونسوڵی فەخریى ئۆکرانیا لەهەرێم كرد.
له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌دۆخی سیاسی و ئابووری و جموجۆڵ و هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ى تیرۆریستانی داعش و مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئۆكرانیاى خسته‌ڕوو و جه‌ختی له‌پێویستیی دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئۆكرانیا كرده‌وه‌و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كان نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌رجه‌م بواره جیاجیاكاندا فراوانتر بكرێت.
لای خۆیه‌وه به‌رپرسی كاروبارى كونسوڵی لەباڵیۆزخانه‌ى ئۆکرانیا له‌عێراق، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانى بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رسامیی خۆی به‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنانه ده‌ربڕی كه‌هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌خۆه‌ى بینیوه‌و ڕاشیگه‌یاند: "ڕێز له‌مێژوو خه‌بات و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان ده‌گرین"، خواستی خۆشی بۆ به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕی.