Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان له‌هه‌رێم كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/5/26، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له ستاڤۆرس كیریمیس كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی وڵاته‌كه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان، دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستاى هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌هێزبوونی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان كرده‌وه‌، به‌تاییه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی یۆنان و هیوای خواست به‌ڕێزیان وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌هه‌رێم، رۆڵی خۆی بگێڕێت له‌و بواره‌داو هانی بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانى وڵاته‌كه‌شی بدات بۆ ئه‌نجامدانی كارى بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
لای خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتیی كۆمارى یۆنان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشخاڵیى خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یۆنان و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و راشیگه‌یاند: "هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌خاته‌ گه‌ڕ".