Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی مه‌كته‌بى سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان ده‌كات

بەبۆنەی یادی (59) ساڵه‌ی دامەزراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی پیرۆزبایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/17، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، كه‌ د.گه‌لاوێژ عوبێد بڕیارده‌رى لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی و حه‌سیبه‌ گه‌ردى ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ یاوه‌ری بوون، سه‌ردانی مه‌كته‌بى سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستانى كردو له‌لایه‌ن سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانی سكرتاریه‌ته‌وه‌ پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا د.هێمن هەورامی، به‌ناوى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستانى له‌سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانی سكرتاریه‌ت و سه‌رجه‌م مامۆستایانی كوردستان كردو ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستانى له‌قۆناغه‌ جیاوازو سه‌خته‌كانی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان به‌رزنرخاند، كه‌ هەمیشە لەخۆبردووانەو بێگوێدانە بارودۆخی سەخت و خراپی ئابووری بەردەوامبوون لەپەروەردەکردنی قوتابیان و خوێندكاران و پێگەیاندنی نەوەکان.
خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕی به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندنی ناوپۆل و به‌هه‌نگاوێكی باشی زانی و هیوای خواست كه‌پرۆسه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی پێبێت.
لاى خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تى یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئه‌و سه‌ردان و پیرۆزباییه‌، كێشه‌و گرفته‌كانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكارانیان خسته‌ به‌رده‌م جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شاندی یاوه‌رى و چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازیشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ خسته‌ڕوو.
له‌به‌رامبه‌ردا شاندی باڵای په‌رله‌مان ڕایانگه‌یاند كه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و گرفته‌كان ده‌كه‌ن و له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی و به‌هامه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی له‌هه‌وڵدا ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌پەرلەمانی کوردستان درێغی ناکات لەدەرکردنی یاسای پێویست و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ مامۆستایانی کوردستان و هیواشیان خواست كه‌ بەیەک دەستی و یەکڕیزی هەموو سەختییەکان تێپەڕێنرێن.