د.ڕێواز فایق: "ده‌ستوورێكمان هه‌بێت له‌ناو دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان ڕێكمان بكاته‌وه‌و پابەندی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئێمه دابنێ به‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كتریدا نه‌كه‌ین"
لەکۆنفڕانسی زانکۆی کوردستان-هەولێر، تایبه‌ت به‌یه‌كڕیزی و ده‌ستوور، كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/5/19 به‌ڕێوه‌چوو، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شداریى له‌پانێلێكدا كرد‌و تیایدا تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان بۆ نووسینی ڕەشنووسی ده‌ستوورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان و ڕایگه‌یاند: "ئێمه هه‌نگاوى یه‌كه‌ممان ده‌ستپێكرد بۆ نووسینى ده‌ستوور، وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی سه‌رجه‌م حزبه سیاسییه‌كانمان كرد، هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه له‌ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌ى له‌ئۆپۆزسیۆنن و ئه‌وانه‌ى كه‌ئاماده‌بوون پێشوازیمان لێبكه‌ن، سه‌ردانی حزبه‌كانی پێكهاته‌كانى هه‌رێمی كوردستان‌مان کرد، به‌رنامه‌یه‌كیشمان دانابوو كه هه‌موو ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی به‌شدارییان له‌هه‌ڵبژاردن كردووه‌و نه‌یانتوانیوه ببن به‌خاوه‌نی كورسی له په‌رله‌مانی كوردستان كۆیان بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئیتر كۆڕۆنا نەیھێشت".
راشیگه‌یاند: "ئه‌وه‌ى جێگه‌ی خۆشحاڵیی ئێمه بوو هیچ حزبێكی سیاسی له‌وانه‌ی كه ئێمه سه‌ردانمان كردن، لارییان له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بوو كه ده‌ستوور زه‌رووره، ده‌بێت ده‌ستوورمان هه‌بێت، به‌دیاریكراوی له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان دە‌بێت هه‌وڵه‌كان نوێبكه‌ینه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و كاته‌ی سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه داوایان لێكردووه وه‌ك لایه‌نی كۆكه‌ره‌وه یه‌كڕیزییه‌ك دروستبكات، بۆئه‌وه‌ی هه‌مووان كۆكبن له‌سه‌ر دانانی ده‌ستوورێكی گونجاو و گووتی: "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت رۆڵێکی گه‌وره ببینێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان".
راشیگه‌یاند: "له‌بابەتی یه‌كڕیزیدا بەلای په‌رله‌مانی كوردستانەوە هاووڵاتی سەنتەرە، دە‌بێت مافی هاووڵاتی چەقی داواکان بێت، ئازادییه گشتییه‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی تاکی کوردستان بابەتی یەکڕیزییە".
ئه‌گه‌ر چه‌قی یه‌كڕیزیی ئه‌مانەیه، ئه‌وا ئه‌و یه‌كڕیزییه بەکردەیی زه‌رووره بۆ ده‌ستوور، ئه‌گه‌ر نه‌بوونی یه‌كڕیزی به‌رژه‌وه‌ندیى حزبه سیاسییه‌كانه، یان تێبینیی حزبه سیاسییه‌كانه له‌سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌بردن، له‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی، له‌سه‌ر شێوازى ئیداره‌دان له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه بابه‌تێكی تره‌و نابێ ببێتە ته‌حدییه‌ك له‌به‌رده‌مى ده‌ستووردا، ده‌بێ ده‌ستوور بكرێ به‌میكانیزم بۆ ڕێككردنه‌وه‌ى ئه‌و لارى و خوارو خێچییانه".
لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گووتی: "دە‌بێت ده‌ستوورێكمان هه‌بێت ئێمه ڕێككاته‌وه له‌ناو دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان، پابەندی دابنێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئێمه، به‌وه‌ی كه‌ده‌ستوه‌ردان له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كتریدا نه‌كه‌ین".
راشیگه‌یاند: "ئێمه ڕێپێدراو نین كه‌مافی میلله‌ته‌كه‌مان له‌بوونه خاوه‌نی ده‌ستوور ڕه‌تبكه‌ینه‌وه، میلله‌تی ئێمه شایسته‌ى ئه‌وه‌یه ده‌ستوورى هه‌بێت، ده‌بوو ده‌مێك بوو هه‌یبووایه".
لەکۆتایی دیبەیتەکەیشدا گووتی: ”هه‌ندێكجار گوێم له‌هه‌ندێك له‌سیاسییه‌كان دە‌بێت كه‌دەڵێن با ده‌ستوورمان نه‌بێت، هه‌لومه‌رجه‌كه له‌بار نییه، ئەمەش والێکدەدەینەوە کە ئەوان دەیانەوێت ئه‌و ئازادییه‌ی هه‌یانە له‌هه‌ڵسوكه‌وتكردن، له‌وه‌ی كۆتی له‌سه‌ر نییه، له‌وه‌ى كه‌ده‌ستوه‌ردان ئه‌كەن، له‌وه‌ى كه‌هێزی هه‌یه‌و گه‌نده‌ڵی دە‌كات، دەیانەوێت شتێك نه‌بێت رایانبگرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ لایەنەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەتەوە لەبارەی پێشنیاری میکانیزمی چۆنیەتیی ئامادەکردن و کارەکانی نووسینەوەی دەستوور.
گووتیشی: "من پێموایە کەپێویستە یەکەم هەنگاو چارەسەرکردنی ئەو خاڵانە بێت کەناکۆکییان لەسەرە لەنێوان لایەنەکان، لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی پرسی سنوور‌و ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم".
ئەوەشی خستەڕوو بۆ هەنگاوەکانی نووسینەوەی دەستوورو چارەسەری ئاستەنگییەکان پێشنیاز دەکەن زانکۆکان و کەسانی ئەکادیمی لەڕێگەی کۆنفڕانس و چالاکیی ئەکادیمییەوە هاوکاری سەرۆکایەتییەکانی هەرێم بن و لەپرسی نووسینەوەی دەستووردا پێشنیازەکانیان بخەنەڕوو.
سه‌باره‌ت به‌پرسی لامه‌ركه‌زیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ى كه‌من پێم دوا كۆسپه، پرسی لامه‌ركه‌زییه، ئه‌وه‌ى كه له‌مادده‌ى 122ى ده‌ستوورى عێراقیدا هاتووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاگێڕی و دارایى".