لیژنه‌ی دارایى و وه‌زیرى ناوخۆ ڕاپۆرتی دووه‌می چاكسازی تاووتوێ ده‌كه‌ن
بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و تاووتوێكردنی ڕاپۆرتی دووەمی چاكسازی، پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/17، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری، بەسەرپەرشتيی زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئەندامانی و راوێژكارانی لیژنەكه، له‌هۆڵی لیژنه له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د.عبدالحکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی كۆبووه‌وه.
له‌کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕاپۆرتی دووەمی چاکسازی كرا کە لەلایەن حکومەتەوە ئاراسته‌ی پەرلەمان کراوه‌و وەزیری ناوخۆ بەشێوەیەکی گشتی ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر كۆی ڕاپۆرتەکە به‌گشتی و ئه‌و خاڵانەی كه پەیوەست بوون بەوەزارەتى ناوخۆ بەتایبەتی خسته‌ڕوو.
لەبەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا پەیڕەوی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ى تایبەت بەڕێکخستنی پاسەوانی لەھەرێمی کوردستان کەپێكھاتبوو لە (٩) ماددە تاووتوێ کراو وەزیری ناوخۆ گرنگیی دەرچوونی ئەو پەیڕەوەو کاردانەوەی لەسەر پرۆسەی چاکسازی خسته‌ڕوو و شێوازی ڕێکخستنی کاری پاسەوانیی دامودەزگاکانی حکومەت و حزبەکان و بەرپرسانى لەھەرێم بەپێی ئەو پەیڕەوە ڕوونکردەوە.
پاشان سه‌رۆك و جێگر‌و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرته‌كه‌و ئه‌و په‌یڕه‌وه خسته‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراستەی وەزیری ناوخۆ کرد له‌سه‌ر ئه‌و دوو بابه‌ته.
لەلایەن خۆیەوە وه‌زیرى ناوخۆ بەڕوونکردنەوەیەکی پوخت و تێروتەسەل وەڵامی سه‌رجه‌م پرسیارەکانی دایەوەو ئاماژەی بەوەکرد کەپرۆسەی چاکسازی پرۆسەیەکی گشتگیر‌و بەرفراوانە، پێویستیی بەھەماھەنگی و پاڵپشتیی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان ھەیەو دڵنیایشی کردنەوە کەسەڕەرای ئەو بەربەستانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای چاکسازین، حکومەت ھەنگاوی باشی لەوبارەیەوە ناوه‌و زۆر بەجدیش کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات، لەبەرئەوەی کارکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدایه.