Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان ڕاپۆرت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای به‌ركاركردن و هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسای وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و ئاماده‌كرنی ڕاپۆرت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای به‌ركاركردن و هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسای وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌ت و تێكه‌ڵاو ژماره‌ 20ی ساڵی 1988ی هه‌مواركراو له‌هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/31، لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان، به‌سه‌رپه‌رشتیی هاوڕێ مه‌لا ستار سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر ماده‌و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌و ئه‌ندامان سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان خسته‌ڕوو و دواتر لیژنه‌ بڕیاریدا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌به‌رپرسانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كۆببنه‌وه‌و دواتر راپۆرتی كۆتایی ئاماده‌ بكه‌ن و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی بكه‌ن.
ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ له‌دانیشتنی ژماره‌ 13ی ئاسایی له‌ 2021/5/18، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كرابوو به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م نوسراوو یاداشته‌كانی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆكردنی ئه‌ندامان ڕێكاری په‌یڕه‌وییان له‌سه‌ر گیرایه‌به‌ر.