لێژنەی كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ راپۆرتی خۆی لهسهر سەردانی بۆ لای گیراوانی سنوورى بادینان ئامادە دەكات
بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی سەردانیكردنی لیژنهكه بۆ لای گیراوانی بادینان و تاووتوێكردنی ڕەشنووسی هەمواری یاسای ژمارە 22، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/19، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی گوڵستان سهعید جێگرى سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەو نووسراو و بەدواداچوونانەی لیژنەكە كردوویەتی، لەگەڵ ئەو سكاڵایانەی ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوون، ههروهها ئەنجامی ئەو سكاڵایانەشی كه بەئەندامانی پەرلەمان راسپێردرابوون، تاووتویً كران.
لەبەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەو تەواوكردن و واژۆكردنی راپۆرتی سەردانی لیژنەكه بۆ ئاسایشی گشتی و چاوپێكەوتنی لەگەڵ پێنج گیراوەكانی سنووری بادینان، كاری لەسەركرا.
هەر لهكۆبوونەوەكەدا تاووتوێی ڕەشنووسی هەمواری یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 تایبەت بەماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت كرا، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ئاڕاستەی لیژنەكە كرابوو، بۆیە لیژنە بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ لیژنەی كاروباری یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات.
لەتەوەرێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا شادی نەوزاد وەك نوێنەری لیژنەكە دیاریكرا بەمەبەستی ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەكانی تاسك گرووپ لەسەر داوای رێكخراوی هارتلاند ئەڵاینسی نێودەوڵەتی.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ لەسەر بەدواداچوونی كێشەكانی خەڵك كراو لیژنە بەپێویستی زانی لەسەردانەكانیان بۆ پارێزگاكانی هەرێم بەردەوام بن و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری پێكهێنانی سێ ليژنەی لاوەكی درا.