Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاری لیژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/24، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سه‌باح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ كورته‌باسێكییان ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌ردان و به‌دواداچوونانه‌ خسته‌ڕوو، كه‌به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌سه‌ر میكانیزم و شێوازی دابه‌شكردنی ڤاكسین به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا له‌پارێزگاو قه‌زاو ناحیه‌كان ئه‌نجامیاندابوو و تیایدا تێبینی و كێشه‌كانیان له‌ڕاِپۆرتێكدا ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرد.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و یاداشت و نوسراوانه‌ی ئاراسته‌ لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان و خستنه‌ڕووی ڕاو سه‌رنجی خۆیان له‌باره‌یانه‌وه‌، ڕێكاری په‌یڕه‌وییان له‌سه‌ر گیرایه‌به‌رو ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان.