پهیامی پیرۆزبایی د.هێمن ههورامی لهساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا
بەبۆنەی (45 )مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.
شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، کەڕابەری نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی سەرکێشیی دەکردو رۆڵەکانی هەموو ناوچەكانى کوردستان بەشداربوون تێیداو بووە سەرەتای وەدیهاتنی مافەکانی خەڵک و چەسپاندنیان و ناساندنیان بەهەموو جیهان.
لەدوای گەلەکۆمەی وڵاتان لەشۆڕش، خەباتکاران نەیانهێشت جارێکی دیکە خەونە نەزۆکەکانی دوژمنان بەدی بێت و دڕیان بەتاریکیدا، لەچیاکانەوە مەشخەڵی شۆڕشیان هەڵگیرساندو دڵی هەموو کوردستانییەک و ئازادیخوازێکی جیهانیان ئاسوودە کرد.
سەرۆک بارزانی و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیادو هەموو پێشمەرگەو سەرکردەکانی شۆڕش، جارێکی دیکە دووپاتیان کردەوە کەهەرگیزو بۆ هیچ هێزێک ناچەمێنەوەو ئامانج و خەباتیشیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان ناپسێتەوە.
داوا لەهێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، بەگیانی تەبایی و برایەتی لەیەک نزیکببنەوەو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان، هاوشێوەی کۆتاییەکانی شۆڕشی گوڵان کەهەموو هێزەکان لەیەکنزیکبوونەوەو بەرەی کوردستانییان پێکهێناو دەسکەوتی مەزنی ئێستای خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە.
دووبارە ئەو یادە لەهەموو شۆڕشگێرو ئازادیخوازان پیرۆز دەکەمەوەو سەری ڕێزیش بۆ گیانی هەموو ئەو قارەمانانە دادەنەوێنم کەگیانى خۆیان بەخت کردو نەیانهیشت خەباتی خەڵكی کوردستان بوەستێت و بەئامانجی وەدیهاتنی مافەکانی خەڵکی کوردستان شەهید بوون.
د.هێمن ههورامی
جێگرى سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان
2021/5/26