لیژنەی كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ: "جێگەی داخە هەندێ كەناڵی ڕاگەیاندن بوونە هۆكاری ڕووداوەكەی بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان"
جێگهی نیگەرانی و داخە كەدوێنێ سێشەممە 2021/5/18، هاووڵاتییەكی ڕۆژهەڵات بەناوی (بێهزاد مەحمودی)، ناسراو بەمحەمەد لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان بەهۆی هەندێ ناڕەزاییەوە هەڕەشەی خۆسووتاندنی كرد، ئێمە بەداخەوەترین لە لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لهپهرلهمانی كوردستان، كە بەهۆی بوونی هەندێ كەناڵی ڕاگەیاندن و ڕاگرتنی مایكەكانیان لەبەردەمی، بووە هۆكاری پاڵنەری جێبەجێكردنی هەڕەشەكە، ئەوەشی زیاتر ئێمەی لە لیژنەكە نیگەرانتر كرد گواستنەوەی سووتانەكەو هاوارو ئێش و ئازاری جەستەی ئەم گەنجە بوو لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ.
ئێمە وەكو لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردنی لەمافی مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ كاری ئازادیی میدیایی بووینە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دەبێ ئەوەش بزانن گیانی مرۆڤێك لەهەواڵێك گرنگترە، بۆیە پێویست بوو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەوێ ئامادەبوون لانی كەم رێگرییان لەخۆسووتاندنەكە بكردایە.
بۆیە لێژنە داوایەكی فەرمی ئاڕاستەی داواكاری گشتی دەكات، كەسكاڵا بەپێی یاسای ژمارە 111ی سزادانی عێراقی ساڵی 1969، مادەی 370 بڕگەی دووەم تۆمار بكات و ئەم كەیسە بجووڵێنێت كەباس لەوە دەكات راگەیاندنكار هاندەر بێت جاچ بەقسە بێت یان كردار كەببێتە هۆكاری خۆسووتاندن.
لەكۆتاییدا وەكو لیژنەش داوا لەڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی میدیایی دەكەین پابەندی ئیتیك و بنەماكانی كاری ڕۆژنامەگەری بن و نەبنە هۆكاری بڵاوكردنەوەی توندوتیژی لەپێناو زیادكردنی بینەرو چەند لایك و كۆمێنتێكی سۆشیاڵ میدیا.
لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لهپهرلهمانی كوردستان
19ى ئایارى 2021