Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌كونسوڵی ژاپۆن له‌هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/5/24، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌كونسوڵی ژاپۆن له‌هه‌رێمی كوردستان ئاراكاوا میكیهێرۆ كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی په‌یوه‌ندیی یاسایی و ده‌ستووریی نێوان هه‌ریه‌ك له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراق ساڵی 2005 ڕێكخراوه‌، به‌گشتی په‌یوه‌ندی و هاوئاهه‌نگیی باش له‌نێوان لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی هه‌ردوولادا هه‌یه‌و، په‌رله‌مانی كوردستان دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌".
دواتر به‌وردی باسی سیسته‌م و شێوازی كاری په‌رله‌مانی كوردستان و په‌یوه‌ندیی نێوان فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كرد.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی ئه‌و یاسایانه‌ی كرد كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ده‌رچوون و په‌یوه‌ستن به‌ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، له‌پێناو به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی سێكته‌ره‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار، له‌جیاتی ئه‌وه‌ى ته‌نیا پشت به‌كه‌رتی نه‌وت و گاز ببه‌سترێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات.
لای خۆیانه‌وه‌ كونسوڵی ژاپۆن سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكردنی هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌دیداره‌كه‌دا خستیانه‌ڕوو، هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ خواستن له‌ئه‌ركه‌كانیاندا.