شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای فتواى ھەرێم كۆبووەوە
به‌مه‌به‌ستی ھەماھەنگی و كاری ھاوبەش، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/24، شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كه‌پێكهاتبوو له مەلا ئیحسان محه‌مه‌د سه‌لیم جێگری سەرۆكی لیژنەو وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنەو جیھاد حه‌سه‌ن ئیبراھیم و ھێرش فه‌قێ حه‌سه‌ن و د.ئیسماعیل عه‌لی سگیری ئەندامانی لیژنەكه، لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی بالای فتوا لەھەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامی كوردستان ئاماده‌یبوو، سه‌ره‌تا مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌كه بەگرنگییەوە باسى لێوه كرا كه‌بۆ ھەماھەنگی و كاری ھاوبەشی نێوان هه‌ردوولایه، لەپێناو زیاتر بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئاینی و بەرقه‌راركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەو بابەت و پرسانەی كه ڕەھەندی ئاینییان ھەبێت.
ھەروەك باس لەڕەوشی فتواو كارەكانی ئەنجوومەنەكە كرا كەچۆن و بەچ جۆرێك كاردەكەن، شاندی لیژنەكه‌ى په‌رله‌مان بەبایەخەوە ستایشی كارەكانی ئەنجوومەنی فتوای كرد كەوەك تاكە سەرچاوەی شەرعی لەھەرێمی كوردستان كاردەكات، دووپاتی ھەموو ھاوكاری و پاڵپشتییه‌كیان بۆ كردنەوە لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی ھاوولاتییان.
ھەر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لەچەند بابەتێكی تایبەت بەكاروباری زانایانی ئاینی كرا‌و ستایشی رۆڵی مامۆستایانی ئاینی لەھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگه لەبابەتە گرنگ و ھەستیارەكاندا كرا.
لەبەشێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كەدا تیشك خرایەسەر گرنگیی بوونی یاسایه‌كی تایبەت بەموڵكەكانی وەقف لەھەرێمی كوردستان، بۆ زیاتر ڕێكخستنەوەو پاراستنی موڵكەكانی وەقف، ھەرلەو چوارچێوەیەشدا بەوردی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای ھەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبەردنی ئەوقاف ژمارە (٦٤)ی سالی ١٩٦٦ی ھەمواركراو لەھەرێمی كوردستان كرا، كەئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای فتوای ھەرێمی كوردستان كراوە، چونكە پڕۆژەكە لەگەڵ ئەوەی پرسێكی ئیداری و یاساییە، لەھەمان كاتیش‌دا ڕەھەندێكی شەرعیی ھەیە.