Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی تەندروستی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی وه‌رگرتن و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆڕۆنا لەپاریزگای هه‌ولێر دەکات

بەمەبەستی به‌دواداچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون لەپرۆسەی وه‌رگرتن و دابەشکردن و پێدانی ڤاکسینی کۆڕۆنا به‌هاووڵاتییان لەپارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ دووشەممە 2021/5/3، شاندێکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر، کەپێکھاتبوو لە لوقمان وه‌ردى و د.گه‌لاوێژ عوبێد ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، سەردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ته‌ندروستیى هه‌ولێر-ى کردو لەلایه‌ن د.دلۆڤان محه‌مه‌د بەڕێوبەری گشتیی ته‌ندروستیى هه‌ولێر پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا شاندی لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان چه‌ندین پرسیارو سەرنجیان سەبارەت بەشێوازی وه‌رگرتن و کۆگاکردن و میکانیزمی دابەشکردنى جۆره‌كانی ڤاکسینی کۆڕۆنا له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاى هه‌ولێر ئاراستەی بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی هه‌ولێر کرد.
لەلایه‌ن د.دلۆڤان محه‌مه‌د بەڕێوبەری گشتیی ته‌ندروستیى هه‌ولێر ته‌ئكید له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌سنوورى پارێزگای هه‌ولێر 35 سه‌نته‌ر بۆ لێدانی ڤاكسین هه‌یه‌و هه‌روه‌ها له‌قه‌زاى كۆیه‌و له‌قه‌زای سۆران-یش سه‌نته‌رى پێدانی ڤاكسینى كۆڕۆنا هه‌یه‌.
دواتر شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگاریى كردو له‌وێ سه‌نته‌رى پێدانی ڤاكسینی كۆڕۆنای به‌سه‌ركرده‌وه‌و به‌دواداچوونى بۆ شێوازی داتاكردن و میكانیزم و ڕیزبه‌ندیى ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌داوای وه‌رگرتنی ڤاكسین ده‌كه‌ن كرد.