Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له كونسوڵی گشتیی یۆنان له‌هه‌ولێر كرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/5/26، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له ستاڤۆرس كیریمیس كونسوڵی گشتیی یۆنان له‌هه‌ولێر كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا دوای به‌خێرهێنان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له ستاڤۆرس كیریمیس كونسوڵی گشتیی یۆنان كرد له‌و ئه‌ركه تازه‌یه‌یداو هیوای خواست له‌ئاینده‌دا بتوانێت به‌سه‌ركه‌وتوویی كاره‌كانی ڕاپه‌ڕێنێت و ڕۆڵێكی كاریگه‌ر ببینێت له‌به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان، هاوكات بتوانێت په‌ره‌ی زیاتر به‌په‌یوه‌ندییه كلتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بدات.
له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان به‌بایه‌خه‌وه سه‌یری ڕۆڵی ئه‌رێنیی وڵاتی یۆنان ده‌كات بۆ ئامێزگرتنه‌وه‌و له‌خۆگرتنی ڕِه‌وه‌ندی كوردی له‌ڕابردوودا، هه‌رێمی كوردستان پێویستیی به‌ئه‌زموون و شاره‌زایی وڵاتان هه‌یه له‌بواری گه‌شه‌پێدانی كه‌رته‌كانی گه‌شتوگوزار، كشتوكاڵ و بازرگانی، هیواخوازین كه له‌ئاینده‌دا په‌یوه‌ندیی باش له‌نێوان وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان و یۆنان دروستبێت بۆ پێشخستنی ئه‌م سێكته‌رانه‌و سوودوه‌رگرتن له‌ئه‌زموونی وڵاتی یۆنان له‌م بوارانه‌دا".
دواتر كونسوڵی گشتیی یۆنان، سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌و ده‌ستپێشخه‌ریی خۆی نیشاندا بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی گونجاوو فراوان له‌سه‌ر ئاسته‌كانی، په‌روه‌رده‌و خوێندن، بازرگانی و ئه‌و سێكته‌رانه‌ی كه‌ده‌توانن به‌باشی ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن، له‌پێناو پێشكه‌وتن و به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی هه‌ردوولا.