سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌رگریی نیشتمانی و هێزی چه‌كداری له‌په‌رله‌مانی فه‌ره‌نساو باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌عێراق و شاندێكی یاوه‌ریان كرد
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2021/5/25، د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌خاتوو فڕانشیۆس دۆمای سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌رگریی نیشتمانی و هێزی چه‌كداری له‌په‌رله‌مانی فه‌ره‌نساو هی بڕونۆ ئه‌وبێرت باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌عێڕاق و كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر ئۆلیڤه‌ر دیكۆتیگنیس و شاندێكی یاوه‌ریان له‌لیژنه‌ی نیشتمانی و هێزی چه‌كداری له‌په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین پێشهاته سیاسی و گۆڕانكارییه خێراكانی عێڕاق و كوردستان كرا.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی وڵاتی فه‌ره‌نسا كرد بۆ ئه‌و ڕۆڵه كاریگه‌رو ئه‌رێنییه‌ی كه گێڕاویانه له‌كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش و ڕایگه‌یاند: "وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌درێژایی قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 هه‌میشه ڕۆڵێكی كاریگه‌رو سه‌ره‌كیی بینیوه له‌پشتیوانیكردنی هه‌رێمی كوردستانی عێڕاق، به‌تایبه‌ت ڕۆڵی مادام میتران، كه له‌یادگه‌ی هه‌ر تاكێكی كوردستاندا حزوری هه‌یه، له‌سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعشیشدا هێزه‌كانی به‌رگریی وڵاتی فه‌ره‌نسا زۆرترین هاوكاریی سه‌ربازی و لۆجستیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كردووه، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان فه‌ره‌نسا به‌هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی و گرنگی خۆیان ده‌زانن".
له‌درێژه‌ی وته‌كانیشیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوایكرد ئه‌م پاڵپشتییانه‌ی وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌رده‌وامبن بۆ هێزی پێشمه‌رگه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوكاری و پاڵپشتیی ئه‌وان له‌ڕابردوودا كاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه له‌تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا.
دواتر گفتوگۆی درێژ له‌نێوان شاندی میوان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرا سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌عێڕاق، دۆخی گه‌نجان له‌هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی دیكه‌ی هه‌نووكه‌یی.
خاتوو فڕانشیۆس دۆمای سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌رگریی نیشتمانی و هێزی چه‌كداری له‌په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا، به‌ڵێنی دووپاتكرده‌وه كه‌هێزه‌كانی فه‌ره‌نسا به‌رده‌وام ده‌بن له‌هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هاوكات هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خواست له‌ئه‌ركه‌كانیدا.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا ئۆلیڤه‌ر دیكۆتیگنیس كونسوڵی گشتیی وڵاتی فه‌ره‌نسا له‌هه‌ولێر به‌گرنگییه‌وه سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، وه‌ك داكۆكیكارێكی گه‌وره‌ی ماف و ئازادییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستاندا.