Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ دوو پێشنیازه‌یاسا و پڕۆژه‌یاسایه‌ك كرا و یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بە كۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق-يش هه‌موار كرایه‌وه‌

سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٢٣، به ‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٧)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه و به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی خاتوو دانیال میتران، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كی كورتدا ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ ١٠ ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر كۆچی دوایی دۆستی دێرینی گه‌لی كوردستان خاتوو دانیاڵ میتران تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و ژنه‌ى كه‌ له‌ دوای ئه‌نفال، له‌ كاتی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌له‌كه‌مان، له‌ كۆڕه‌و، له‌ دروستكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كان، له‌ دروستكردنی ئاشته‌وایی ناوخۆیی، له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی یه‌كگرتنه‌وه‌ی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵی ٢٠٠٢، به‌ هه‌میشه‌ پشتیوان و به‌ هه‌ڵوێستێكی دڵسۆز بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌مان، بۆ ڕێزلێنان له‌ ڕۆحی به‌رزه‌فڕی به‌ڕێزیان، بۆ ڕێزلێنان له‌ ڕۆحی هه‌موو دۆسته‌كانی گه‌لی كوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی گه‌لی كوردستان، فه‌رموون ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی ڕاوه‌ستن".
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كانی خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كانیان و ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییانه‌ی كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی دوێنێی شارى سلێمانی ڕوویاندا، له‌سه‌ر داواى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ى هاوبه‌ش له‌ هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوخۆ و لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێكهێنرا".
پاشان به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، پێشنیازه‌یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان و پێشنیازه‌یاسای (هەمواری یاسای سەلماندن ژمارە ١٠٧ی ساڵی ١٩٧٩و هەموارەكانی لە هەرێمی كوردستان) و (پڕۆژەیاسای چەك لە هەرێمی كوردستان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كرا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرا و سیفه‌تی به‌په‌له‌ش درایه‌ پڕۆژه‌یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان درا بۆئه‌وه‌ى لیژنه‌ی ناوخۆ له‌ ماوه‌ی حه‌فت ڕۆژ له‌ گه‌یشتنی نووسراوه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تی ڕاپۆرت ئاماده‌ بكات به‌و پێیه‌ی كه‌ بابه‌تی ڕێكخستنی چه‌ك به‌ جۆرێكه‌ كه‌ پێویستیی به‌وه‌یه‌ به‌ زووترین كات ڕێكبخرێت.
به‌پێی خاڵی دووەمى به‌رنامه‌ی كاریش، كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق، ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٩)، ڕاپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، به‌ ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌می ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ دانیشتنی پێشووتردا له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه‌ خرابوونه‌ ڕوو، دوای ئه‌وه‌ى‌ سه‌رجه‌مى ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ بۆ هه‌ر ماده‌یه‌ك له‌ ماده‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌ پێشنیازى لیژنه‌ی هاوبه‌شیشه‌وه‌ كه‌ هه‌بوون، به‌ ناوونیشان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و په‌سند كران، پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ده‌نگی (٧٨) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سند كرا، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی دانیشتنەكە ڕایگه‌یاند: "پیرۆزبایى له‌ خۆمان و گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین به‌بۆنه‌ی هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە".
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "سبه‌ی سه‌عات ١١ى پێشنیوه‌ڕۆ دانیشتنه‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆ له‌سه‌ر بابه‌تی پڕۆژەیاسای كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان، چونكه‌ پێمان باشه‌ خۆی لێره‌ ئاماده‌ بێت".