Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ باڵیۆزی نوێى كۆماری چیك له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕِۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٢٢، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ پیته‌ر شتێپانك، باڵیۆزی نوێی كۆماری چیك له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ باڵیۆزی نوێی كۆماری چیك له‌ عێراق به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌ تازه‌كه‌ى، پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌ خوله‌كانی په‌رله‌مان و كار و پێكهاته‌ی په‌رله‌مان، له‌ ڕووی ژماره‌ی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان و چۆنیه‌تیی ده‌رچوواندنی یاساكان خسته‌ ڕوو، هاوكات سوپاسی كۆماری چیكی كرد بۆ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى چیك، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگی و به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوانیان و هیوایان خواست كه‌ په‌ره‌ی زیاتریان پێبدرێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا، به‌ تایبه‌تی له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی كۆماری چیك بۆ ئالوگۆڕی زانیاری له‌سه‌ر كاری په‌رله‌مانی و دروستكردنی گرووپی دۆستایه‌تیی نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مان.
پیته‌ر شتێپانك، باڵیۆزی نوێی كۆماری چیك له‌ عێراق، خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند: "كۆماری چیك پابه‌نده‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه‌تی و به‌رده‌وامیی پێده‌ده‌ین".