Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/١٠، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ده‌ڤید هه‌نت، كونسوڵی گشتیی نوێى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا، كه‌ باپیر كامه‌لا و سارا دڵشاد، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئامادیبوون، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی و هیوای خواست له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی به‌ریتانیا زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كاری په‌رله‌مانیی به‌ریتانیا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ئاماده‌كارییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و كاراكردنه‌وی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان.
لاى خۆیه‌وه‌ ده‌ڤید هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و گووتیشی: "هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا".