Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/١٠، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتیی نوێی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌رى كرد.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی گشتیی نوێى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان لێكرد و هیوای خواست له‌ ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ركه‌وتووبێت، دواتر باسی په‌یوه‌ندیی قووڵ و مێژوویی نێوان هه‌ردوولا و گرنگیی پاراستن و به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر پشتیوانییه‌كانی به‌ریتانیا له‌ شه‌ڕی ڕِووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و ڕۆڵی به‌ریتانیای به‌رزنرخاند له‌ هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و داواشی كرد كه‌ هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وامییان هه‌بێت و ڕۆڵی خۆیان ببینن له‌ ڕیفۆڕم و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان تایبه‌ت بوون به‌ ئه‌جێندای كاری ئه‌و وه‌رزه‌ی په‌رله‌مان و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌هۆی بووژاندنه‌وه‌ی سێكته‌ره‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، هاوكات باسی دواین به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونه‌كانی پرسی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ كرا كه‌ ڕووبه‌ڕووی په‌رله‌مان ده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان.
به‌شێكی تری گفتوگۆكانیش تایبه‌ت بوون به‌ پرسی چاكسازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌.
لای خۆیه‌وه‌ ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتیی نوێی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ خستنه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و ته‌وه‌ره‌ گرنگانه‌ی كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا باسكران، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ لێیان كرا.