Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌ى فراوانی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢،٢١/١١/٢٥، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هۆڵی پڕۆتۆكۆل له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێری و لیژنه‌ی شاره‌وانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارى په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد.
له‌ كۆبوونه‌وكه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كه‌ریم سلێمان، بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و سه‌رۆكی لیژنه‌كانی كاروبارى یاسایی و شاره‌وانی و جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكارانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێڕاق كرا.
دوای گفتوگۆى چڕى نێون ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌، بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌نێوان سه‌رۆكی لێژنه‌كانی یاسایی و شاره‌وانی و كشتوكاڵ و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت پێكبهێنرێت به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی مادده‌ و بڕگه‌كانی ناو پێشنیازه‌یاساكه‌.
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌ندامانی لیژنه‌ پێكهێنراوه‌كه‌ی ڕاسپارد كه‌ له‌ماوه‌ی دووهه‌فته‌دا ئیش و كاره‌كانیان ته‌واو بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له‌ زووترین كاتدا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی پێشنیازه‌یاساكه‌.