هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری کۆبوونه‌وە
ئه‌مڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١١/٢، هەردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێرى، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. بژار كۆچه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى و سه‌فین ئاغا عومه‌ر ئاغا، بڕیارده‌رى لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێرى و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی هه‌ردوو لیژنه‌كه، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا.
مەبەست له كۆبوونه‌وه‌كه ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دەنگدان بوو سەبارەت بە پڕۆژەیاسای هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی بنەتو و شەتڵ و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق، دوا گفتوگۆی چڕوپڕی ئەندامانی هەردوو لیژنەکه له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه، بڕیاردرا ڕاپۆرتی دەنگدان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆئه‌وه‌ی بخرێته به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.