Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە کۆنفڕانسی یەکسانی جێندەری و ستراتیژی هێزی ژنان کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/١١/٢٨ د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەشداری لە کۆنفڕانسی " یەکسانی جێندەری و ستراتیژییەتی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان" کرد، کە لەلایەن زانکۆکانی سەڵاحەددین، سلێمانی، دهۆک، و زانکۆی کوردستان لە هەولێر، بەڕێوەچوو.

لە کۆنفڕانسەکەدا، کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جێنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆعێراق، منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم، کۆنسوڵی وڵاتان، پارێزگاری هەولێر، و ئەکادیمیست و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو، د. ڕێواز فایەق وتارێکی پێشکەش کرد و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفڕانسەکە کرد، و بەگرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستانی کرد لە پاڵپشتی ڕۆڵی ژنان بەو یاسایانەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراون.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد کە ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌توانێت ڕۆڵى میحوه‌رى و كاریگه‌ر بگێڕێت، له‌وه‌ى كه‌ تێكڕایی پڕۆژه‌و پێشنیارو ڕاسپارده‌كانى كۆنفڕانس له‌ قۆناغى خوێندنه‌وه‌ى وتارى سه‌نگینه‌وه‌ بچیِته‌ قۆناغى كرداره‌كى و جێبه‌جێكردنه‌وه‌

لە درێژەی وتارکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ، لەسنووری دەسترۆییەکانی خۆماندا لەبواری یاسادانان و چاودێریکردن، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر ھەرجۆرە رووداو و توندوتیژییەك کە لە ئاکامی بۆشایی یاسایی و کەموکوری یاسا بەرکارەکان بەرامبەر بە ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت".

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە؛

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

ئاماده‌بووانى خۆشه‌ویست، به‌یانیتان باش 

مایه‌ى خۆشحاڵیمانه‌ كه‌ له‌ دیدارو كۆنفرانسێكى ئاوا فراوان له‌گه‌ڵ زانكۆ دێرین و نموونه‌ییه‌كانى كوردستاندا, له‌ پرسێكى هه‌ستیار و پڕبایه‌خ، تایبه‌ت به‌ دۆزى ڕه‌واى ژنان به‌یه‌ك ده‌گه‌ین, ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ناوازه‌یه‌ هه‌وڵێكى ئه‌كادیمیانه‌ و زانستى ئه‌وتۆیه‌, كه‌ ده‌كرێت ببێته‌ بنه‌ماییه‌كى تۆكمه‌ و جێگیر له‌سه‌ر زۆربه‌ى ئاسته‌كان, بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى ژنان و پاراستنیان له‌ توندوتیژى و جیاكارى ڕه‌گه‌زى و به‌دیهێنانى یه‌كسانى.

 به‌ڕێزان..

وه‌ك ده‌زانین ساڵانه‌ ده‌یان چالاكى گه‌وره‌ و فراوان له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌و ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كانى تایبه‌ت به‌ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن، و ئه‌وه‌ش تا ڕادده‌یه‌ك كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى و تێگه‌یشتنى تاك بۆ پرسى ژنان، هه‌روه‌ها میدیا و میدیاكارانى به‌رپرس هه‌وڵى لێبراوانه‌ى خۆیان داوه‌ له‌ ئاڕاسته‌كردنى كۆمه‌ڵگه‌، و لێكه‌وت و ده‌رنجامه‌كانى ئه‌م هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى باش و به‌رچاو ڕه‌نگدانه‌وه‌ ئه‌رێنییه‌كانى به‌دیاركه‌وتوون، به‌تایبه‌ت له‌میانى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ فراوانانه‌ى كه‌ ساڵانه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى له‌ بۆنه‌ جیاجیاكاندا ڕێكده‌خرێت، به‌ڵام ده‌پرسین: ئاخۆ كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ تووانیویانه‌ ببن به‌ ستراتیژیه‌تێكى نیشتیمانى دوورمه‌ودا بۆ چه‌سپاندنى مافه‌ ڕه‌واكانى ژنان، به‌تایبه‌ت له‌ بوارى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژیدا؟

ئاخۆ به‌ هه‌مووان توانیومانه‌ دۆزى ژن به‌هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌ بكه‌ینه‌ دۆزى كۆى كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ سه‌نگه‌ر به‌ندیه‌كى ناواقیعى نێوان ژن و پیاو دورى بخه‌ینه‌وه‌؟

لێره‌دا ئیتر ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌توانێت ڕۆڵى میحوه‌رى و كاریگه‌ر بگێڕێت، له‌وه‌ى كه‌ تێكڕایی پڕۆژه‌و پێشنیارو ڕاسپارده‌كانى كۆنفڕانس له‌ قۆناغى خوێندنه‌وه‌ى وتارى سه‌نگینه‌وه‌ بچیِته‌ قۆناغى كرداره‌كى و جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ى به‌هه‌ند وه‌رگرتنى ڕاسپارده‌كان و ئه‌نجامدانى لیكۆڵینه‌وه ‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌باره‌یانه‌وه‌، و به‌كارهێنانیان له‌ داڕشتنى یاساو به‌رپرسیارێتی سیاسی و یاسایی خۆمان  له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ڕوانگه‌ و تێڕوانینه‌كانی خۆمان سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌ی یاسایی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان پێشكه‌ش به‌كۆنفرانس ده‌كه‌ین، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی كه‌ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ مامۆستایان و و شاره‌زایانی بواری داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان، له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی تێزه‌ زانستیه‌كانیاندا به‌تایبه‌ت كه‌ سه‌رنجه‌كانی ئێمه‌ زاده‌ی ئه‌زمونێكی كه‌ڵه‌كه‌بووی كاری په‌رله‌مانیه‌ و ناواخنی خواست و داواكارییه‌كانی به‌شێك له‌ ئازادیخوازان و چالاكوانانی ژن و ڕێكخراوه‌ داكۆكیكاره‌كانی بواری مافی ژنانه‌.

به‌ڕێزان..

وه‌ك ده‌زانین شێوازه‌كانی توندوتیژی دژ به‌ ژنان، ڕاگه‌یندراو ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، له‌سه‌ر ئاستی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌دیده‌كرێت، ئاماره‌كانی توندوتیژیش له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا مایه‌ی نیگه‌رانین و له‌ ساڵێكه‌وه‌ بۆ ساڵیكی تر به‌رزی و نزمی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا شێوازی توندوتیژیه‌كان گۆڕاون و پیشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و زیادبوونی ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی ئه‌گه‌ر به‌دیوێكدا ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ كرانه‌وه‌ به‌ڕوی جیهاندا، به‌دیوێكی تردا بووه‌ته‌ ئامرازی ئه‌نجامدانی توندوتیژی، و ئاماره‌كانی دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كان پشت ڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ ٥٠٪ ی شێوازه‌كانی توندوتیژی به‌ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی و له‌ ڕێگه‌ی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی خۆیدا و به‌ ئاراسته‌ی ڕه‌خساندنی ژینگه‌ی یاسایی باشتر ڕۆژی ٢٥/٥/٢٠٢١ له‌دانیشتنی ئاسایی خۆیدا به‌ئاما‌ده‌بوونی وه‌زیرانی (ناوخۆ، ڕۆشنبیری و لاوان، كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، و ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی)هه‌روه‌ها  ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان، گفتوگۆی تێر و ته‌سه‌لی له‌باره‌ی پرسی  توندوتیژی دژی ژنان ئه‌نجامدا، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی هه‌ڵكشانی توندوتیژی، كه‌موكوری و كه‌لێنه‌كانی یاسای ژماره‌ ٨ی ساڵی ٢٠١١ یاسای به‌رنه‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانیه‌، كه‌پێویسته‌ كه‌لێنه‌كانی پڕبكرێته‌وه‌، چونكه‌ لە ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا یاساكه‌ ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر ئاستی عێڕاق و ناوچه‌كه‌ یاسایه‌كی باش بووه‌، به‌ڵام له‌ئه‌نجامی جێبه‌جێكردن ده‌ركه‌وتووه‌ پێویستی به‌هه‌مواركردنه‌.

 ھەربۆیەش پەرلەمانی کوردستان رۆژی ٢٣/١١/٢٠٢١ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازە یاسایەکی تازەکرد، کە بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە، لێرەوە داواکارین لە پسپۆران و شارەزایانی بەشداربووی کۆنفرانسی ( یەکسانی جێندەری و ستراتیژییەتی بە ھێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ) بەسەرنجە زانستی و ئەکادیمیەکانیان ھاوکارێکی سەرەکی لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان بن لە نووسینەوە و دارشتنی برگەو ماددەکانی ناو یاساکە، بەجۆرێك کە ھەڵومەرجێکی بێ کەموکوری بۆ دامەزراوە فەرمیەکان و دادگاکان برەخسێنێت، کە بتوانێت بەربەست و ئاڵنگارییەکانی بەردەم یاسای ژمارە ( ٨ ) ی ساڵی ٢٠١١ تێبپەرێنێت.            

لەکۆتایشدا ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ، لەسنووری دەسترۆییەکانی خۆماندا لەبواری یاسادانان و چاودێریکردن، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر ھەرجۆرە رووداو و توندوتیژییەك کە لە ئاکامی بۆشایی یاسایی و کەموکوری یاسا بەرکارەکان بەرامبەر بە ژنان و کچان ئەنجام دەدرێن، ھاوکات لێژنە پەرلەمانییە تایبەتمەندەکانیش بە بەرپرسیار دەزانین لە ئەرکی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسا بەرکارانەی کە لە بەرژەوەندی ژنانن و جێبەجێکردنیان دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان.            

لە کۆتاییدا ھیواخوازم کە تێزی زانکۆکانی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان، ئەو تێزانە تێپەرێنێت کە لە رابوردوودا بەرھەمھاتوون بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی ڕادە و ڕێژەی توندوتیژی خێزان بەگشتی و بەرامبەر ژنان بە تایبەت.                                              

ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ھەرسەرفرازبن