Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ ستافی ئه‌كادیمیای ژنان بۆ سه‌ركردایه‌تی كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتۆگۆگردن سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی ئافره‌تان له‌ هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی چه‌ند داواكارییه‌ك به‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى په‌رله‌مان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٣٠، ستافی ئه‌كادیمیای ژنان بۆ سه‌ركردایه‌تی له‌ عێراق، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت، به‌سه‌رپه‌رشتیی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی نوێنەرانی لیژنەكانی (کاروباری یاسایی، كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ، لیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان)، كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، شاندی میوان ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان خسته‌ ڕوو و داوایان كرد كه‌ له‌ پاڵ سیسته‌می كۆتای ژنان بۆ په‌رله‌مان، پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌وا پێگه‌ و ڕۆڵی ژنان له‌ ناوه‌ندی بڕیار به‌ تایبه‌ت له‌ پێگه‌ حكوومییه‌كان زیاتر بكرێت و پۆستی باڵا بدرێت به‌ ژنان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كگه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر هه‌وڵدانی زیاتر بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ كچان و ژنانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ستخستنی مافه‌كانی ژنان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.