Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگ، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٢٩ لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، به‌سه‌رپه‌رشتيی سوسن محمد میرخان، سه‌رۆكی لیژنه‌ و بەئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌کە، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو كە له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كرانه‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كیش برینداربوون، وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌م په‌لامار و هێرشانه‌، بڕیار درا لیژنه‌ی شه‌هیدان سه‌ردانی ماڵباتی شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌م كرده‌وه‌ ترسنۆكانه‌یە بكه‌ن و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌س و كاری شه‌هیدان بکەن و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداره‌كان بخوازن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ ١٢/٩ ڕۆژی جیهانيی جینۆساید بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان.
لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا، گفتوگۆ لەسەر پرۆژەبریاری جینۆساید لە فەرەنسا کرا، کە دەبێ هەوڵی زیاتری بۆ بدرێ و سەردانی ئەو لیژنەیە بکرێ لە فەرەنسا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەختیيان لەسەر گرنگیدان بە رۆژی جیهانيی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کرد.