Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وە و گه‌یاندن له‌گه‌ڵ وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كۆ ده‌بێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٧ لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وە و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌ر په‌رشتی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌کە، پێشوازییان كرد له‌ ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شت و گوزار و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوبه‌ری گشتی و ستافی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ ڕوو، كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆ كردن لەباره‌ی پێشنیازه‌یاسای گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان، و كێشه‌ی پێوه‌ری ئاوی ماڵان، و بابه‌تی سه‌وزایی له‌ ناوه‌ندی پارێزگاكان و شاره‌كانی هه‌رێم، هه‌روه‌ها كێشه‌ی زه‌ویه‌كانی كه‌رتی حه‌سارۆك، دوای ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ كۆمه‌ڵێك پرس و گرفتی ترییان به‌ شێوه‌ی پرسیار ئاراسته‌ی وه‌زیر و ستافه‌كه‌ی كرد، كه‌ هه‌موویان خۆیان ده‌بینیه‌وه‌ له‌ بابه‌تی خزمه‌تگوزاری گشتی شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

دواتر وه‌زیری شاره‌وانی وه‌ڵامی پرسیاری سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دایه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاندن كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی باشه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان لیژنه‌ و وه‌زاره‌ت هه‌ندێک گۆڕانكاری تێدا بكرێت، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی پێوه‌ری ئاوی ماڵان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌کە بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێندرێت له‌ نێوان لیژنه‌ و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفتەکانی ئاوی ماڵان، وه‌زیری شاره‌وانی له‌سه‌ر كێشه‌ی زه‌وییه‌كانی كه‌رتی ٨ی حه‌سارۆك ڕایگەیاند؛ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایە قۆناغ به‌ قۆناغ خزمه‌تگوزراییه‌كان بگه‌یەنێته‌ ئه‌و كه‌رته‌ و هه‌ر شوێنێكی تری شار و شارۆچكه‌كان كه‌پێویستیان به‌ خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ری داعش و ڤایرۆسی كۆڕۆنا و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد له‌سه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، نه‌توانراوه‌ به‌ خێرایی خزمه‌تگوزاری بگه‌یەندرێته‌ هه‌موو شوێنێك و هه‌موو گه‌ڕه‌كێك.

دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ و وه‌زیری شاره‌وانی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو.