Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان ڕاپۆرتی كۆچ و بێكاریی لاوان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دیارده‌ی كۆچی گه‌نجان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/١٠، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕِاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دیارده‌ی كۆچكردنی گه‌نجان و هاونیشتمانییانی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرا، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌ستی پێكراوه‌ و له‌و چه‌ند ڕِۆژه‌ی ڕابردوودا بۆته‌ پرسێكی گه‌رمی ڕاگه‌یاندنه‌كان.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ جه‌ختییان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پێشتر لیژنه‌ ڕاپۆرتێكی گشتگیری له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌ سێ كاتی جیاوازدا ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كردووه‌ به‌ ناوونیشانی كۆچ و بێكاریی لاوان له‌ هه‌رێمی كوردستان و داوایان كردبوو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مان گفتوگۆی ئه‌و پرسه‌ بكرێت، بۆیه‌ به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی لیژنه‌ بڕیار درا جارێكی تر هه‌مان ڕاپۆرت به‌ هه‌ندێ گۆڕانكارییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مان ئه‌و ڕاپۆرته‌ بخوێندرێته‌وه‌ و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاڕاسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان، بڕیاری پێویستییان له‌سه‌ر درا و ئاڕاسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران.