لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق تاووتوێ دەکات
بەمەبەستی تاووتوێكردنی پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٩، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/٨، لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیدارهى ههرێم، بەسەرپەشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه کۆبووەوە.
له كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆی پێویست لەسهر پێشنیازهیاساكه كرا و چهندین سهرنج و تێبینی و پێشنیاز لهلایهن ئهندامانی لیژنهكهوه خرایه ڕوو بۆئەوەی لە دانیشتنی سبهی پەرلەمان گفتوگۆیان لهسهر بكرێ و لهناو پێشنیازهساساكهدا جێگهیان بكرێتهوه تا ببێتە یاسایەکی تایبەت بۆ بزربووەکان و کەسوکاریان بۆئەوەی بە ئاسانی ئیش و کارهكانیان لەناو فەرمانگەکانی حکوومەتدا ڕایی بکرێت.
مەبەست لە ھەموارکردنی ئەو پێشنیازهیاسایە لەلایەن لیژنەكه و پەرلەمانی کوردستانهوه، زیادکردنی بڕگەیەکە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ٢٠١٤/٨/٣، لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەسەر ئێزدییهكان و پێکھاتەکانی تر لە ناوچە کوردستانییەکاندا هات، کە بڕیارە سبهی سێشهممه له دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا خوێندنەوەی دووەم بۆ ئهو پێشنیازهیاسایە بکرێت بۆ جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە و چەندین بڕگەی تر کە پەیوەستن بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیدارهى ههرێم.
تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی سازدانی کۆنفڕانسێکى تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە، کە بڕیارە بەم نزیکانە لەلایەن لیژنەكهوە بە بەشداریی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا ساز بکرێت، مەبەست لە سازدانی ئەو کۆنفڕانسە بۆئەوەیه كه دەرئەنجامەکان بکرێنە ڕاسپارادە و ئاڕاستەی حکوومەتی ھەرێم بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیدارهى ههرێم.