Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی شه‌هیدان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگى په‌یوه‌ست به‌كاروباره‌كانى هه‌ردوولا، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٢، لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، به‌سه‌رپه‌رشتیى سوسن محه‌مەد میرخان، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و بریكاری وه‌زیر و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕیوبه‌رانی گشتی و ڕِاوێژكارانی وه‌زاره‌ت.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی كێشه‌ و گرفته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی و پێویستییه‌كانی هه‌مواری یاساكانی په‌یوه‌ندیدار به‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی خسته‌ ڕوو.
دواتر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ سه‌رنج و پرسیاره‌كانی خۆیان ئاڕاسته‌ی وەزیر و ستافی وەزارەت كرد و داوای ڕوونكردنه‌وه‌یان كرد، به‌تایبه‌ت داوایان كرد هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی خێراتر بكرێن و كه‌سانی ناشایسته‌ له‌ لیسته‌كانی مووچه‌ ده‌ربهێنرێن.
پاشان وه‌زیری شه‌هیدان وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م كابینه‌یه‌ قه‌یرانی دارایی قووڵتر بووه‌وه‌ و په‌تای كۆڕۆناش ژیانی ئاسایی په‌كخست و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رزی و نزمیی به‌خۆوه‌ ده‌بینی، بۆیه‌ نه‌توانراوە به‌ڕێژه‌ی سه‌داسه‌د كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و باشترین خزمه‌تگوزرای پێشكه‌ش به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی بكه‌ن"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ هه‌مه‌هانگیدا ده‌بن بۆ جێبه‌جێكردن و به‌دواداچوون بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیار و كێشانه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ خستیانه‌ ڕوو.